لەبەر ئاوێنەکە رادەوەستی و فەحسی عامت بۆ دەکات

ئاوێنەیەک هاتووە دکتۆرێکی گشتییە بۆ خۆی

دەشتی عارف – هەولێر

ئاوێنەیەک هاتووە رێک دەوری پزیشکێک دەبینێت و هەرچی پشکنینی تەندروستی بۆت دەکات و پێت دەڵێت چی کێشەیەکت هەیە.

لە 15ـەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی هەولێر ئاوێنەیەکی زیرەک نمایشکرا کە چەندین مواسەفاتی هەیە و یەکێک لەوانە هاوشێوەی دکتۆرێک رۆژانە ئاگای لە تەندروستیت دەبێت.

سیڤان جەلال، بەڕێوەبەری فرۆشتنی کۆمپانیای ریڤان بە 964ـی وت، ئەم ئاوێنەیە بۆ یەکەمجارە لە کوردستان و عێراق نمایش دەکرێت و ئاوێنەکە جیا لەوەی دەتوانیت سەیری خۆت بکەی هەروەها سەیری یوتوب و بەرنامە و ئەپلیکەیشنەکان بەکاربهێنێت دەتوانێت وەک پزیشکێکیش ئاگای لە تەندروستیت بێت.

وتیشی، تەنیا کێش و باڵات دەنوسیت و خۆی خودکارانە هەموو پشکنینێکت بۆ دەکات و بەو پێیەش پێت دەڵێت تەندروستیت چۆنە و پێویستە چی بکەیت بۆ ئەوەی باشتر بیت.

پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی هەولێر بۆ ماوەی سێ رۆژ لە هەولێر لە 20 تا 23ـی مانگ کراوە دەبێت و زۆرێک لە کۆمپانیاکان لە ناوەخۆ و دەرەوە بەشدارن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی