هۆشیارییەکی توند بۆ عێراق ئەگەر تێی بگات
سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی: دۆخی دارایی پاشەکشەی کردووەو موچە زۆر زۆرە
محەمەد فاتیح
سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی لە دواهەمین راپۆرتیدا هۆشیاری دەداتە عێراق لەسەر پاشەکشەی دۆخی دارایی و کەڵەکەبوونی موچە، ئەمەش مەترسیدارە ئەگەر حکومەتی عێراق تێی بگات.
راپۆرتەکە هەمووی وەک خۆی 964 کردوویەتی بە کوردی بۆ ئەوانەی تاقەتیان هەیە بیخوێننەوە.
گرنگترین خاڵەکانی ناو راپۆرتەکە ئەمانەن:
– کەرتی نا نەوتی لە ساڵی رابردوودا بە خێراییەکی خاوتر گەشەی کرد و هەڵاوسانیش هەر لە ئاستێکی نزمدا مایەوە.
– دۆخی دارایی گەڕاوەتە دواوە و رەسیدی دەرەكیش بەرەو دواوە دەچێت.
– پێشبینی دەکرێت گەشەی نا نەوتی لە ساڵی 2025دا بە لاوازی بمێنێتەوە لە كێشمەكێشی ژینگەیەکی سەختی جیهانی و ئاستەنگی داراییەدا.
– سیاسەتەکانی ئێستای دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تێچووی مووچەی كەڵەكەبوو دەرئەنجامێكی ناپایەدارن.
– نێردەكە ستایشی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراقی کرد بۆ چوونە سەر سیستەمی نوێی دارایی بازرگانی بە سەركەوتووانە.
پێش سێ رۆژ عەبدولرەحمان مەشهەدانی کە شارەزایەکی ئابوورییە بە 964ی وت: هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن عێراق تووشی قەیرانێکی دارایی قووڵ ببێتەوە، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت ئەنجامەکانی تۆقێنەر دەبن.
مەشهەدانی شارەزایە لە بواری ئابووری و خۆی مامۆستای زانکۆیە، زوو زووش کەناڵە بەناوبانگە عەرەبییەکان بۆ پرس و رای ئابووری قسەی لێ وەردەگرن، ئەو پێشبینی خراپی وەزعەکە دەکات، بە 964ی وت “زیاتر لە دوو ساڵە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری بە عێراق دەدات لەسەر ئەم بابەتە”.
”رێژەی بەرزی خەرجییەكانی كاركردن و زۆری موچەی فەرمانبەران، عێراق دەخاتەژێر قەرزێكی زیاتری ناوخۆیی و دەرەكییەوە و داهاتی نەوت وای لێهاتووە بەشی موچەی فەرمانبەران ناكات”، ئەمە مەشهەدانی وا دەڵێت.
ئەمە دەقی بەیاننامەکەی سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتییە بە زمانی کورد:
عێراق: بەیاننامەی کۆتایی شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە كۆتایی گفتوگۆی نێردەی سندوقەكە سەبارەت بە مادەی چوارەم بۆ ساڵی 2025
بەیاننامەی کۆتایی باس لەو دۆزینەوە سەرەتاییانە دەكات كە شارەزایانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێی دەگەن لە کۆتایی سەردانێک (یان “نێردەیەكی”) فەرمی بۆ وڵاتێکی ئەندام لە زۆربەی حاڵەتەکاندا. نێردەكان دەنێردرێن وەك بەشێك لە مشتومڕە رێكخراوەكان(بەشێوەیەكی ساڵانەیە زۆر جار) بەپێی مادەی چوارەمی ڕێککەوتنی دامەزراندنی سندوقەکە، لە چوارچێوەی داواکاری وڵاتێکی ئەندام بۆ بەکارهێنانی سەرچاوەکانی سندوقەکە (قەرزكردن لێی)، وەک بەشێک لە گفتوگۆکان لەسەر ئەو بەرنامانەی کە لەلایەن کارمەندانی سندوقەوە چاودێری دەکرێن، یان لە چوارچێوەی پڕۆسەكانی تری چاودێریکردنی پێشهاتە ئابوورییەكان کە لەلایەن پسپۆڕانەوە ئەنجام دەدرێن. دەسەڵاتدارانی عێراق ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەم بەیاننامەیە. ئەو بۆچوونانەی لە بەیاننامەكەدان بیروبۆچونی شارەزایانی سندوقەكەن و پەیوەندی بە دەربڕینی بیروڕای ئەنجومەنی جێبەجێكارەوە نییە. بە پشتبەستن بە ئەنجامە سەرەتاییەکان كە ئەم نێردەیە پێی گەیشتن، پسپۆڕانی سندوقەکە ڕاپۆرتێک ئامادە دەکەن کە پێشکەش بە ئەنجومەنی حێبەجێكار دەکرێت، دوای رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی باڵای سندوقەكە بەمەبەستی گفتوگۆکردن و بڕیاردان.
******************************
نێردەی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی جین گویلوم بۆلین لە 4 تا 13ی مایو لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق لە عەممان و بەغدا کۆبووەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر مادەی چوارەم بۆ ساڵی 2025. لە کۆتایی گفتوگۆكاندا ئەم بەیاننامەیەی خوارەوە دەركرا.
ژینگەیەکی جیهانی زۆرئاڵۆز ، دابەزینی نرخی نەوت و فشارە داراییە توندەکان و کاریگەرییان لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان ؛ هەموو ئەم هۆکارانە ئەو ئاڵنگاریانە گەورەتر دەكەنەوە كە لەئێستادا رووبەڕووی عێراق بوونەتەوە، ئەمەش پێویستی بە ڕێوشوێنی بەپەلە هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیری دارایی و دەرەکی لەم وڵاتەدا، ئەم ڕێوشوێنانە بریتین لە کۆنتڕۆڵکردنی کورتهێنانی دارایی گشتی بە کۆکردنەوەی داهاتی باجی نا نەوتی، سنووردارکردنی پڕۆژە یاسای مووچەی گشتی، تەواوکردنی پرۆسەی داڕشتنەوەی هەیكەلی ئەو بانکانەی سەر بە دەوڵەتن و پێشخستنی گەشەی کەرتی تایبەت، ئەمەش بە چاکسازیكردن لە بازاڕی کاردا، باشترکردنی ژینگەی چالاكی بازرگانی، بەهێزکردنی حوکمڕانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، بە بنیاتنانی پێشکەوتنەکانی ئەم دواییە بەدەستهات، پێویستە بانکی ناوەندی عێراق بەردەوام بێت لە نوێكردنەوەی سیستەمی بانکی، پشتگیریکردنی بانکە ئەهلییەکان لە فراوانکردنی پەیوەندییە بانکییەکانیان لەگەڵ بانکە پەیوەندیدارەکان.پێشهاتە ئابوورییەکانی ئەم دواییە و پێشبینی و مەترسییەکان
کەرتی نا نەوتی لە ساڵی ڕابردوودا بە خێراییەکی خاوتر گەشەی کرد و هەڵاوسانیش هەر لە ئاستێکی نزمدا مایەوە. دوای ئەوەی لە ساڵی 2023دا گەشەی زۆر بەهێزی بە ڕێژەی 13.8% بەدەستهێنا، پێشبینی كرا بەرهەمی ناوخۆیی نا نەوتی عێراق لە ساڵی 2024 دا بۆ 2.5% دابەزێت، بەهۆی خاوبوونەوەی وەبەرهێنانی گشتی و لە کەرتی خزمەتگوزارییەکان، هەروەها لاوازی زیاتر لە هاوسەنگی بازرگانی. کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و بیناسازی بەردەوامن لە خۆڕاگری لە بەرامبەر ئاستەنگەکاندا، سوودمەندن لە بوژانەوەی دوای وشکەساڵی، زیادبوونی توانای پاڵاوتنی نەوت و گەشەکردنی بەهێز لە قەرزی نیشتەجێبوون. دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت کاریگەری لەسەر گەشەی گشتی هەبووە، کە لەماوەی ئەمساڵدا بەڕێژەی لەسەدا 2.3 کەمبووەتەوە. هەروەها هەڵاوسان بۆ 2.7% دابەزینی بەخۆیەوە بینی تا کۆتایی ساڵی 2024، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هەڵاوسانی نرخی خۆراک کەمبووەتەوە و هەڵمژینی نەختینە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە روویداوە.دۆخی دارایی گەڕاوەتە دواوە و رەسیدی دەرەكیش بەرەو دواوە دەچێت. کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2024 بە 4.2%ی بەرهەمی ناوخۆیی مەزەندە دەکرێت، لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا 1.1% بووە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی قەبارەی بەرزبوونەوەی خەرجییەکان بۆ کرێ و مووچە و کڕینی وزە دەخاتەڕوو. سنووردارکردنی دارایی بووەتە هۆی سەرهەڵدانەوەی پاشەکەوتەکان، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و خەرجییە سەرمایەییەکان. لەسەر ئاستی دەرەكیش بەشێوەیەكی توند زیادەی هەژمارەكان كەمیكردووە لە 7.5% بۆ 2% لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی، بەهۆی زیادبوونی زۆری هاوردەکردنی کاڵاکان. بەڵام هێشتا ئاسایشی پارێزەری دەرەکییەکان بەهێزن، یەدەگەکان لە کۆتایی ساڵی 2024 دا گەیشتە 100.3 ملیار دۆلار – کە زیاتر لە 12 مانگ هاوردەکردن دەگرێتەوە.
پێشبینی دەکرێت گەشەی نا نەوتی لە ساڵی 2025دا بە لاوازی بمێنێتەوە لە كێشمەكێشی ژینگەیەکی سەختی جیهانی و ئاستەنگی داراییەدا. پێشبینی دەکرێت گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی نا نەوتی لەمساڵدا بۆ سەدا یەک خاوبێتەوە، چونکە دابەزینی نرخی نەوت و سنووردارکردنی دارایی قورسایی لەسەر خەرجییەکانی حکومەت و ورەی بەکاربەران دادەنێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025دا هەژماری ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو لاواز بێت، ئەمەش بە شێوەیەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزینی داهاتی هەناردەکردنی نەوت. هەروەها پێشبینی دەکرێت تێکچوونی دۆخی دەرەکی کاریگەری لەسەر یەدەگی بیانیش هەبێت.
ئەولەویاتى سیاسەتەكان
لاوازییەکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆی فراوانبوونی بەرچاوی دارایی گشتییەوە زیادیان کردووە. جگە لەوەی کاریگەری لەسەر ئاسۆی گەشەکردنی کەرتی تایبەت هەیە، سیاسەتەکانی ئێستای دامەزراندن لە کەرتی گشتی و تێچووی مووچەی كەڵەكەبوو دەرئەنجامێكی ناپایەدارن، ئەمەش بۆ کەمی قەبارەی باجی نا نەوتی عێراق دەگەڕێتەوە. لە ئەنجامدا پشتبەستن بە داهاتی نەوت زیاتر بووە و نرخی بەرمیلێک نەوتی پێویست بۆ سفر كردنەوەى کورتهێنانی بودجە بۆ نزیکەی 84 دۆلار لە ساڵی 2024 بەرزبووەتەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا هەر بەرمیلێک 54 دۆلار بووە.
ئەم ئاڵنگاریانە بەهۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە ساڵی ٢٠٢٥دا كەڵەكەبوون و پێویستی بە وەڵامدانەوەی بەپەلە هەیە لەسەر ئاستی سیاسەتەكان. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، پێویستە دەسەڵاتداران پێداچوونەوە بە پلانەکانی خەرجکردنی ئێستا و پلانەكانی خەرجكردنی سەرمایە بۆ ساڵی ٢٠٢٥ بكەن و هەموو ئەو خەرجیانەی كە سەرەكی نین کەم بكەنەوە یان دوابخەن. لە هەمان کاتدا، ڕەنگە بوار هەبێت بۆ زیادکردنی داهاتی نا نەوتى بە پێداچوونەوە بە باجی گومرگی و سەپاندن یان زیادکردنی باجی هەڵبژێردراو لەسەر بەکاربردن. هەروەها پێویستە دەسەڵاتداران لە بژاردەکانی هەمەچەشنکردنی بنكەی قەرزدەرەکان بکۆڵنەوە بە مەبەستی زیادکردنی بەردەستبوونی دارایی. پێویستە دوور بخرێتەوە لە پارەدارکردنی دراوی کورتهێنان، چونکە دەتوانێت هەڵاوسان زیاد بکات و یەدەگی دراوی بیانی کەم بکاتەوە و بودجەی گشتی بانکی ناوەندی عێراق لاواز بکات.لە ئاستێکی فراوانتردا، پێویستی هەیە بە ڕێکخستن و ڕاستکردنەوەی بەرچاوی دۆخی دارایی گشتی، بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییە گشتییەکان بۆ سەر دارایی گشتی،دڵنیابوون لە بەردەوامیی بەرگەكرتن لە قەرزەکان و دووبارە بنیاتنانەوەی پەراوێزی سەلامەتی پارێزەر بۆ دارایی گشتی. لە لایەنی داهاتەوە، جگە لە باجی گومرگی و باجی گومرگی لەسەر بەکاربردن، بوار هەیە بۆ چاکسازی لە باجی داهاتی کەسی بە کەمکردنەوەی لێخۆشبوون و زیادکردنی ڕێژەی باج. زۆر گرنگە ئیدارەی باج بەهێز بکرێت بە گواستنەوە بۆ تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و باشترکردنی جێبەجێکردنی یاسا و زیادکردنی کۆکردنەوە. دەرئەنجام ئیدارەیەکی باجى کاریگەرتر دەبێت و لە کۆتاییدا شوێنێک دەكاتەوە بۆ كاركردن بە سیستەمی باجی فرۆشتنی گشتی . لە لایەن خەرجییەکانەوە، سنووردارکردنی خەرجییەکانی ئێستا، بەتایبەتی لە ڕێگەی چاکسازی گشتگیر لە پڕۆژە یاسای مووچە، کەمکردنەوەی دامەزراندنی بە زۆرەملێ و پشت بەستن بە بنكەیەكی سروشتی بۆ كەمكردنەوەی کارمەندانی کەرتی گشتی، هەموو ئەمانە پاشەکەوتێکی بەرچاویان لێدەکەوێتەوە. ئێمە پێشوازی لە هەوڵەکانی ئەم دواییە دەکەین بۆ ئەوەی سیستەمی دابەشکردنی گشتی باشتر بکرێتە ئامانج،بەڵام بوار هەیە بۆ باشترکردنی زیاتر لە شێوازەکانی ئامانجکردن و لە کۆتاییدا گۆڕانکاری بۆ تۆڕەکانی سەلامەتی کۆمەڵایەتی كە پشت بە پارەی نەختینە دەبستێت. لە کۆتاییدا چاکسازی لە سیستەمی خانەنشینی گشتیدا پێویستییەکی بەپەلەیە و ئەمەش بە بەرزکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی بەدەست دێت. هەروەها پێویستە رێژەی پارە شایستەكان كەمبكرێنەوە بە ئامانجی پتەوكردن و بەردەوامبونی ئەم سیستەمە.
هەروەها جێبەجێکردنی ئەم چاکسازیانە پانتاییەكی دارایی بۆ زیادکردنی خەرجییەکانی سەرمایە دابین دەکات. دەبێت فراوانکردنی وەبەرهێنانی نا نەوتی، بەتایبەتی لە ژێرخانی بازرگانی و گواستنەوەدا، یارمەتیدەر بێت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری. هەروەها پێویستی بە جێبەجێکردنی وەبەرهێنانی بنەڕەتی هەیە بۆ نوێكردنەوەی کەرتی کارەبا و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی غازی سروشتی؛ هەردووکیان پێویستن بۆ باشترکردنی ئاسایشی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی هاوردەکراو. باشترکردنی كڕینەكان و بەڕێوەبردنی سامانی گشتی دەوڵەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، هەموو ئەمانە کاریگەری دەخەنە سەر هەر وەبەرهێنانێکی گشتی و بۆ ساڵێك درێژەی پێدەدەن.
هەروەها هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ نەهێشتنی نەختینەی زیادە بە مەبەستی باشترکردنی گواستنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی دراو. لە کاتێکدا بانکی ناوەندی عێراق پێشکەوتنی بەدەستهێناوە لە هەڵمژینی نەختینەی زیادە، دەستکاریکردنی زیاتر کاریگەری ئەم چوارچێوەیە بەرز دەکاتەوە. ڕێوشوێنە سەرەکییەکان لەم ڕووەوە بریتین لە زیادکردنی پێدانی مۆڵەت لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە،بە گرنگیدان بە فەسڵی پێگەیشتنی کورتخایەن (14 ڕۆژە) بە ڕێژەی سوودی بنەڕەتی لەسەر ئامرازەکانی سیاسەتی دراو و هەموارکردنەوەی سنوورەکانی سنووردارکردنی قەبارەی ئۆفەرەکان کە لەلایەن تاکەکەسی بانکەکانەوە پێشکەش دەکرێن، باشترکردنی ئامراز و پراکتیکەکانی پێشبینیکردنی ڕۆیشتنی پارە. بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی عێراق بتوانێت باڵانسی خۆی بپارێزێت و متمانەی خۆی بپارێزێت، پێویستە بانکەکە بەردەوام بێت لە دوورکەوتنەوە لە پارەدارکردنی کورتهێنانی حکومەت.
نێردەكە ستایشی هەوڵەکانی بانکی ناوەندی عێراقی کرد بۆ چوونە سەر سیستەمی نوێی دارایی بازرگانی بە سەركەوتووانە. ئێستا بانکە بازرگانییەکان مامەڵەی دارایی بازرگانی بە تەواوی لە ڕێگەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بانکە پەیوەندیدارەکانەوە چارەسەر دەکەن. هەروەها ئەم هەوڵانە پشتگیریان لە دابەزینی ئەم دواییەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و هاوتەریبی ئاڵوگۆڕکردن کردووە. بەڵام هەوڵی زیاتر پێویستە بۆ کەمکردنەوەی ئەم جیاوازییە، لەوانە بە سەپاندنی بەکارهێنانی دیناری عێراقی لە مامەڵەی ئۆتۆمبێل و خانووبەرەدا و باشترکردنی کۆنترۆڵی گومرگی بۆ کەمکردنەوەی قاچاخ و ئاسانکردنی دەستڕاگەیشتن بە دراوی بیانی.هەرچەندە هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ چاکسازی لە بانکەكانی سەر بە دەوڵەت دڵخۆشکەرن، بەڵام هەوڵی فراوانتر پێویستە بۆ بەهێزکردنی کەرتی دارایی، دبێت پلانی داڕشتنەوەی هەیكەلی بانکەكانی دەوڵەت بەبێ دواکەوتن تەواو بکرێت، لەوانەش چارەسەرکردنی قەرزە ناجێگیرەکان و بەهێزکردنی سەرمایەی بانکەکان. هاوتەریب لەگەڵ ئەوەشدا، نێردەكە پێشوازیی لەو پێشکەوتنانە کرد لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای دیجیتاڵی و ئیرادەی دەسەڵاتدارانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی چاکسازییەکی هەمەلایەنە لە کەرتی بانکیدا. پێویستە چاکسازییەکان بەهێزکردنی حوکمڕانی کۆمپانیاکان، ژێرخانی دیجیتاڵی و ئاسایشی ئەلیکترۆنی بگرێتەوە لەگەڵ بەدەستخستنی ڕۆڵێکی بەهێزتر بۆ بانکە ئەهلییەکان لەوەی ئێستا دەیکەن. پێویستە هەوڵەکان بۆ بەهێزکردنی ڕێوشوێنی دژ بە سپیکردنەوەی پارە و بەرەنگاربوونەوەی بە داراییكردنی تیرۆر بەردەوام بێت، لە رێگەی چارەسەرکردنی ئەو کەموکوڕیانەی کە لە ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی هاوبەشی تیمی كاردا هاتووە بۆ رێكارەكانی دارایی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (مینا فاتف).
تائێستاش كارێكتەرەكانی كەمییەكی لە رادەبەدەر لە دابینكردنی وزە و كەمبونەوە لە كەرتی كارەبا و پاڵپشتییەكی لە رادەبەدەری نرخی كارەبا ئەمانە هەر هەموویان كاریگەری لەسەر ئابووری دادەنێن.چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکانی کەرتی کارەبا گرنگە بۆ بەردەوامیی دارایی گشتی و باشترکردنی بەرهەمهێنان. لە ساڵی 2024دا ڕێژەی زیانەکان لە دابەشکردنی کارەبادا گەیشتە 55%، ئەمەش بەهۆی دزی و پەیوەندییە نایاساییەکانەوە بووە، کە لە ئەنجامدا زیانێکی دارایی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە. لە ئێستادا دەسەڵاتداران پێوەرە زیرەکەکان جێگیر دەکەن و ڕێوشوێنی دیکەیان جێبەجێ کردووە بۆ بەرزکردنەوەی پرۆسەی كرێ و کۆکردنەوە. بەڵام پێویستە پێشکەوتن خێراتر بکرێت. کاتێک کۆکردنەوەکە بە شێوەیەکی بەرچاو باشتر دەکرێت، بەدەستهێنانی وەرگرتنەوەی تێچوونەکان پێویستی بە زیادکردنی باجی کارەباش دەبێت،لەگەڵ پێشكەشكردنی یارمەتی بۆ بەکارهێنەرانی کەم داهات. شەڵەژانی ئەم دواییەی هاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە جەخت لەسەر پێویستی هەمەچەشنکردنی پێداویستییەکان و پەرەپێدانی پڕۆژەی گاز دەکاتەوە.
بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و خاڵە لاوازەكانی حوکمڕانی زۆر گرنگە بۆ پشتیوانیکردن لە گەشەسەندنی ئابووری. گرتنەبەری هەنگاوەكان بۆ جێبەجێكردنی ستراتیژیەتی نیشتیمانی بۆ بەرنگاربونەوەی گەندەڵی و كاراكردنی و باشبوون لە پێوەرەكان/ ژمارەی پێوانەیی بۆ تێپەڕاندنی گەندەڵی، پێشكەوتنی ئەرێنین لەم بوارەدا. بەڵام هێشتا گەندەڵی بەربەستێکی سەرەکییە لەبەردەم گەشەکردندا. بەهێزکردنی چوارچێوەی لێپرسینەوە بۆ بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكانی دەوڵەت و کۆمپانیا تایبەتەکان لە کەرتەکانی نەوت و کارەبا و بیناسازیدا گرنگییەکی سەرەکی هەیە و هەروەها پابەندبوونی گشتگیر بە ستانداردەکانی دەستپێشخەری شەفافیەتی پیشەسازییەکانی دەرهێنان و دەرکردنی یاسای شەفافیەت و دەستڕاگەیشتن بە زانیاری پێویستە لە پێشینە بێت. جگە لەوەش، هاوتەریبکردنی چوارچێوە یاساییەکان بە بەرنگاربونەوەی گەندەڵی لەگەڵ بەڵگەنامە نێودەوڵەتیەكان و باشترین پراکتیزەکان و بەهێزکردنی سەربەخۆیی دادوەری، بابەتی سەرەكین بۆ جێبەجێکردنی یاسا بە شێوەیەكی کاریگەر و پاراستنی مافە ئابوورییەکان .
هەبونی ئەجیندایەكی گشتگیر بۆ چاكسازی هەیكەلی زۆر گرنگە بۆ دەسپێكردن بە تواناكانی گەشەکردن. نێردەكە مەزەندە دەکات کە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک چاکسازی گشتگیر، كە بازاڕی کار، ڕێکخستنی چالاكی كارەكان، کەرتی دارایی و حوکمڕانی دەگرێتەوە، هەموو ئەمانە دەتوانن گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی نانەوتی لە ماوەیەكی مامناوەندا دوو هێندە بکەن. لە ئاستی بازاڕی کاردا، ئەولەویەتەکان بریتین لە زیادکردنی بەشداریکردنی هێزی کار، بەتایبەتی لەنێو ژنان،لە رێگەی باشترکردنی خوێندنی ژنان و بەشداریکردنی زیاتر لە لابردنی بەربەستەکانی بەردەم کاركردن و جووڵەیان و چاکسازی لە دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا؛ هەموو ئەم هۆکارانە دەبنە هۆی شێواندنی بازاڕەکانی کار و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان. پێویستە هەوڵەکان بەهێزتر بکرێن بۆ ئەوەی کارامەییەکان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کاردا بگونجێن. بە شێوەیەکی گشتی، سادەکردنی ڕێساکان و کەمکردنەوەی بەربەستە بیرۆکراتیکییەکان لەبەردەم تۆمارکردنی بازرگانی یان بەڕێوەبردنی باج، بۆ نموونە، بەشداریکردن لە ئابووری فەرمیدا زیاد دەکات و یارمەتی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت دەدات.
نێردەكە دەیەوێت سوپاسی دەسەڵاتدارانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەكان بكات كە بە شێوەیەكی نمونەیی میواندارییان كردین و هاوكارمان بوون، هەروەها بۆ ئەو گفتوگۆ راشكاوانەیان كە لەگەڵ نێردەكەدا خستیانەڕوو.
دەقی بەیاننامەکە بە زمانی عەرەبی
دەقی بەیاننامەکە بە زمانی ئینگلیزی