ئەمشەو لە خورماتوو شیرینی بەخشرایەوە

“داواکارین لە خوای گەورە عەجاجەکانی لای خۆشمان بدرێنە دادگا”

سیروان خورشید

بەبۆنەی دەرچوونی بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاجی جەللادی ئەنفال و نوگرەسەلمان، ئەمشەو لە خورماتوو شیرینی پێشکەش کرا و ئاهەنگ بوو، یەکێکیش لە کەسوکاری ئەنفالەکان بە 964ی وت، داوا لە خوای گەورە دەکەین عەجاجەکانی لای خۆشمان بدرێنە دادگا.

​ئەمشەو یەکشەممە 17.5.2026 لە گەڕەکی رزگاریی قەزای خورماتوو، بەبۆنەی بڕیاری لەسێدارەدانی عەجاجی جەللادی سەردەمی بەعس و ئەنفالەکان لە بەندیخانەی نوگرە سەلمان، کەسوکاری ئەنفالکراون و هاوڵاتیانی قەزاکە گردبوونەوەیەکی شادمانییان سازکرد.
​کەسوکاری شەهیدان لە بری فرمێسک، بە بەخشینەوەی شیرینی و دەربڕینی خۆشی، پێشوازییان لە سەروەریی یاسا کرد.

مامۆستای ئایینی هاوار شافعی بە 964ی وت، ئەو یەکێک بووە لە ئامادەبووانی دادگاییەکە و کاتێک بڕیارەکە دەرچووە، بە تەکبیراتی ئەڵڵاهو ئەکبەر و ژنانیش بە هەلهەلە پێشوازییان لە بڕیارەکە کرد.

هەروەها رێبوار محەمەد، کەسوکاری ئەنفال دەڵێت، بڕیارەکە خۆشترین هەواڵ بووە لە ژیانیدا پێی گەیشتووە.

لای خۆیەوە عەباس رەمزی، داخ بۆ ئەوە دەخوات دایکی مەرگی سەدام حوسێن و بڕیاری سێدارەی عەجاجی نەبینی، بەڵام ئەویش دڵخۆشە و سەرەڕای ئەوەی شەکرەی هەیە، بەڵام ئەمشەو شیرینی خواردووە.

عەباس رەمزی دەڵێت، “لە خوای گەورە داواکارین عەجاجەکانی لای خۆشمان، کە ئەوانیش تاوانی کەمتریان لەو عەجاجە نەکردووە، بدرێنە دادگا”.

رۆژی پێنجشەممە 14.5.2026 لە دادگای تێهەڵچوونەوەی بەغداد/ رەسافە، دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی (عەجاج ئەحمەد حەردان عوبێدی)، بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بەڕێوەچوو و بەرامبەر ئەو تاوانکارییانەى بەرامبەر کچ، ژن، منداڵ و پیاوانى کورد کردوویەتى، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانى بۆ دەرکرد.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا