عەبدولڕەحمان مەشهەدانی شارەزا لە بواری ئابووری و دارایی
بۆ ترساندن نا بۆ نەرچاوڕوونی
عێراق لەبەردەم قەیرانێکی دارایی گەورەدایە و هەرێمیش دەگرێتەوە
964+
محەمەد فاتیح
هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن عێراق تووشی قەیرانێکی دارایی قووڵ ببێتەوە، ئەگەر فریای خۆی نەکەوێت ئەنجامەکانی تۆقێنەر دەبن، ئەمە قسەی ئێمە نییە، قسەی کەسێکە کە سەری لەو بوارە دەردەچێت و لێی دەزانێت.
عەبدولرەحمان مەشهەدانی شارەزایە لە بواری ئابووری و خۆی مامۆستای زانکۆیە، زوو زووش کەناڵە بەناوبانگە عەرەبییەکان بۆ پرس و رای ئابووری قسەی لێ وەردەگرن، ئەو پێشبینی خراپی وەزعەکە دەکات.
مەشهەدانی بە 964ی وت “زیاتر لە دوو ساڵە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی هۆشداری بە عێراق دەدات لەسەر ئەم بابەتە”.
رێژەی بەرزی خەرجییەكانی كاركردن و زۆری موچەی فەرمانبەران، عێراق دەخاتەژێر قەرزێكی زیاتری ناوخۆیی و دەرەكییەوە و داهاتی نەوت وای لێهاتووە بەشی موچەی فەرمانبەران ناكات”، ئەمە مەشهەدانی وا دەڵێت.
قەیرانی دارایی
بەپێی خەمڵاندنەكانی ئەمساڵ 2025 ، موچە بە نزیكەی 94 ترلیۆن دینارى پێویستە، ئەمە بێجگەلە خەرجییەكانی وەبەرهێنان و خەرجییەكانی ديكه، داهاتی نەوتیش تەنیا لە نێوان 105 و 106 ترلیۆن دینار خەمڵاندنی بۆكراوە، ئەمەش واتای ئەوەیە كە عێراق ناتوانێت ئەو بڕە پارانە دابین بكات و دەبێت قەرزێكی زیاترى ناوخۆیی و دەرەكی بكات ”خەمڵاندنەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی تۆقێنەرە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی لەگەڵ دابەزینی نرخی نەوت و كەمبونەوەی داهات، قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی عێراق بەرزببێتەوە بۆ زیاتر لە 250 ملیار دۆلار لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا”.
بەقسەی مەشهەدانی ئەم مەترسیە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە چونكە ئەگەر رێگەش درا نەوتی هەرێم دووبارە هەناردە بكرێتەوە نرخی نەوت بەرز نییە و نزمە، هەروەها كەمبونەوەی داهات بەگشتی دەبێته هۆی كەمبونەوەی پشكی هەرێمی كوردستان و ئەگەر داهاتەكان دابەزی بۆ كەمتر لە 120 ترلیۆن ئەوا هەرێم 10 ترلیۆن دیناریشى بەرناكەوێت، ئەمەش دەبێتە كێشەیەكی گەورە و ”ئەم كێشەیەش بە ساڵێك و دوو ساڵ كۆتایی نایەت و درێژە دەخایەنێت تاكو پێنج ساڵی داهاتوو”.