پێشانگاکە دوو مانگ بەردەوام دەبێت
“حەمە هاشم” بۆ “رووخسارەکانی دوای جەنگ” دەچێتە رۆمانیا
فەرهاد حەسەن
شاری ئۆرادیا لە وڵاتی رۆمانیا خۆی بۆ کردنەوەی پیشانگایەکی تایبەتی هونەرمەند و نووسەر “حەمە هاشم” ئامادە دەکات و “رووخسارەکانی دوای جەنگ” ناونیشانی پێشانگاکەی دەبێت.
پیشانگاکە، لە (رێپێراج گەلەری بۆ هونەر) لە کاتژمێر 6:00 ی ئێوارەی رۆژی 27.6.2026 بە فەرمی دەکرێتەوە و بۆ ماوەی دوو مانگ بەردەوام دەبێت.
هونەرمەندی شێوەکار حەمە هاشم بە 964 ی وت، ئەم پیشانگایە بە بانگهێشتی فەرمیی یەکێتی هونەرمەندانی شێوەکاریی رۆمانیا و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی ئەنجوومەنی شارەوانی ئۆرادیا رێکخراوە، کە لەلایەن هونەرمەند و رەخنەگری ناسراو د. ڤیۆرا باراوە کاری ریکخستنی بۆ کراوە.
دەشڵێت “لەو پیشانگایەدا نزیکەی 52 تابلۆی بەرهەمی نوێی خۆم نمایش دەکەم کە سەرجەمیان بە تەکنیکی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس کێشراون؛ بەشێک لەو تابلۆیانە قەبارەیەکی گەورەیان هەیە و درێژییەکەیان لە سێ مەتر تێپەڕدەبێت”.
هونەرمەند لە رێگەی ئەم بەرهەمانەوە، بە دیدێکی ئەکسپرێسیۆنیستی، باسی ئەو کاریگەری و وێرانکارییانە دەکات کە بەهۆی جەنگ و ناخۆشییەوە روویان لە جیهان بەگشتی و کوردستان بەتایبەت کردووە. باس لەوەشدەکات کە “تەوەری سەرەکیی کارەکان گواستنەوەی پەیامی ئازادی، شکۆمەندی و سەربەخۆیی مرۆڤە لە رێگەی زمان و رەنگەکانی هونەرەوە”.