هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دوو رێککەوتننامەیان لەبواری وزە و نەوت ئیمزا کرد
بە بەهای دەیان ملیار دۆلار
هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دوو رێککەوتننامەیان لەبواری وزە و نەوت واژۆ کرد
964+
شۆڕش قادری
بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم دوو رێککەوتننامە بەبەهای دەیان ملیار دۆلار لە بواری وزە و نەوت لە واشنتن واژۆ کران.
بەپێی راگەیەنراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 19.5.2025 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەمریکا، لە ژووری بازرگانی ئەو وڵاتە لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێريی رێوڕەسمی واژۆکردنی دوو رێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کردووە.
روونیشکراوەتەوە، هەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئێنێرجی (HKN Energy) و وێستێرن زاگرۆس ( WesternZagros)، بە جیا دوو رێککەوتننامەیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێم واژۆ کردووە.
هەر بەپێی راگەیەنراوەکە، بەهای ئەو دوو رێککەوتننامەیە دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەری دیار و ئەرێنیيان دەبێت لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی کوردستان.