بۆ ساڵی 2026

“گیای پیرۆز”ی شوان عەتوف پاڵپشتی سندوقی فیلمی ئوردنی بەدەستهێنا

ئەحمەد مستەفا

لە نوێترین هەنگاوەکانی، پڕۆژەی فیلمی سینەمایی “گیای پیرۆز – العشبة المقدسة”، لە دەرهێنانی هونەرمەند شوان عەتوف، توانیویەتی ببێتە یەکێک لەو پڕۆژانەی کە بۆ وەرگرتنی پاڵپشتی لە سندوقی پشتگیری فیلمی ئوردن بۆ ساڵی 2026 هەڵبژێردراون.

شوان عەتوف، لە لێدوانێکدا بۆ 964 وتی، بە خۆشحاڵییەوە ئەم هەواڵە هاوبەش دەکەم و فیلمی داهاتووی “گیای پیرۆز” هەنگاوێکی گرنگی تری لە رێگای بەرهەمهێنان و گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیدا بڕیوە.

عەتوف دەڵێت، ئەم پڕۆژەیە هەڵبژێردراوە بۆ وەرگرتنی پشتگیری لە سندوقی پشتگیری فیلمی ئوردن بۆ ساڵی 2026، فیلمەکە فیلمێکی کۆمەڵایەتییە باس لە حاڵەتێکی کۆمەڵایەتی دەکات و کۆمەڵگا و ژنان وشیار دەکاتەوە، ئەم فیلمە بڕیارە ساڵی داهاتوو بەرهەمهێنانی بۆ بکرێت لە عێراق و کوردستان.

ئەو هەڵبژاردنەی بە هەنگاوێکی مانادار بۆ خۆی و تیمەکەی دادەنێت، چونکە بە وتەی ئەو، نیشانەی متمانەیە بە چیرۆکێک کە باوەڕی پێی هەیە، بە دیدگایەک کە بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەری کار کراوە، و بە تیمێک کە بەردەوام بووە لە پەرەپێدانی پڕۆژەکە، بە مەبەستی ئەوەی چیرۆکەکە ڕێگای خۆی بۆ گەیشتن بە جەماوەر بدۆزێتەوە.

شوان عەتوف هەروەها سوپاسی دەستەی شانشینی ئوردن بۆ فیلم و ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندن کردووە، بۆ ئەو متمانە و پشتگیرییەی کە بە پڕۆژەکەیان بەخشیوە.