قوباد تاڵەبانی:

“مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی رادەگەیەنم”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

جێگری سەرۆكی حكومەتی كوردستان قوباد تاڵەبانی، لە فێستێڤاڵی كانە بۆ سینەما لە فەڕەنسا و لەوێشەوە مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی راگەیاند.

تاڵەبانی لە پەیجی فەرمیی خۆی لە فەیسبووك هەواڵ و وێنەكانی بەشداریكردنی لە فێستیڤاڵی سینەمایی كان بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، “کوردستان وڵاتی چیرۆکە نەگێڕدراوەکانە، لە چیرۆکە تراژیدییەکانی ئەنفالەوە تا چیرۆکە سەرسووڕهێنەرەکانی بەرخۆدان و خۆڕاگری، ئەو چیرۆکە جوان و پڕواتا و سەرنجڕاکێشانەی، جیهان تامەزرۆی بیستن و بینینیانە”.

“ماوەیەکی زۆرە لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ کاردەکەین بۆ دروستکردنی ناوەندێکی سینەمایی بۆ گێڕانەوەی ئەم چیرۆکانە و بنیادنانی ژێرخانێکی پتەو بۆ سینەمای کوردستان، هەر لەم چوارچێوەیەدا بەشداریم کرد لە فێستیڤاڵی فیلمی کان تا لەوێوە مزگێنیی دامەزراندنی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی رابگەیەنم”، قوباد تاڵەبانی وای نووسیوە.

هەروەها دەڵێت، کۆمیسیۆنەکە ئامانجیەتی کوردستان بخاتە سەر نەخشەی سینەمای جیهانی و دەبێتە پردێکی پەیوەندیی لە نێوان کوردستان و کۆمپانیا جیهانییەکانی بەرهەمهێنانی فیلم، تا لە کوردستان فیلم بەرهەم بهێنن و دەرفەتیش دروست دەکات بۆ بەشداریکردنی ئەکتەر و سینەماکارانی کورد لەو بەرهەمە جیهانییانەدا. هەروەها لەڕێی راهێنانەوە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کارامەیی سینەماکارانی کوردستان.

جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لەگەڵ پۆستكردنی وێنەكانی بە قاتێكی رەساسی و پێڵاوێكی كاژوەڵەوە، كە بەشداریی پانێڵێكی كردووە، بابەتێكی دیكەشی باس كردووە: “هاوکات بە خۆشحاڵییەوە دروستکردنی سندوقی فیلم بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی کوردی رادەگەیەنین”.

” جێی دڵخۆشییە چ لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەرهەمهێنەرە بەشداربووەکانی فێستیڤاڵی کان و چ لە گفتوگۆکانی پێشترمان لەگەڵ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی دیکە، پێشوازییەکی باش لە پڕۆژەکانی کۆمیسیۆنی فیلمی کوردستان – سلێمانی کراوە”، ئەمەش بەشێكی دیكەی پۆستەكەی قوباد تاڵەبانییە.