ئەگەر عەجەلەیانە با قسە بکەن

ئومێد خۆشناو: هیچ بڕیارێک نییە بۆ گۆڕینی پارێزگاری هەولێر.. بەڵام ئیشەڵا هەیە

964+

عەبدولعەزیز خالند

”کەناڵی میدیایی هەیە دوو رۆژە هیچ ئیشی نییە، دوو راپۆرت و سێ هەواڵی لەسەر گۆڕینی پارێزگاری هەولێر کردووە، ئەگەر عەجەلەیانە با خەبەرێکم بدەنێ لەبەر خاتری ئەوان لادەکەوم”، ئەمە قسەی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بوو کاتێک پەیامنێری 964 لێی پرسی دەنگوباسی گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری هەولێر چییە؟
چەند رۆژێکە باسی ئەوە دەکرێت کە ئومێد خۆشناو لە پۆستی پارێزگاری هەولێر لادەبرێت و لەبری ئەو هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دادەندرێت، ئەمە هێشتا بەس قسەیەو شتی رەسمی نییە.
ئومێد خۆشناو بە 964ی وت بڕیاری وا لە ئارادا نییە، ”بەرەو ریی پێکهێنانی کەبینەیەکی دیکە دەچین گۆڕانکاری لە هەموو پۆستەکان ئاساییە، بەڵام هیچ بابەتێک بە رەسمی باس نەکراوە”.
هەر ئەوەندەی قسەکانی تەواو بوو دەستی دا لە قۆڵی پەیامنێری 964و بە شۆخییەوە وتی ”ئیشەڵا هەیە”.