ئامارەکان روولەزیادبوونە
“زۆربەی تووشبووانی ماددەی هۆشبەر ئەوانەن کە سەردانی ئێران دەکەن”
964+
میلاد جەلال_گەرمیان
بەپێی ئامارەکان، کەیسەکانی ماددەی ھۆشبەر لە گەرمیان ساڵ لە دوای ساڵ روولەزیادبوونە، بەجۆرێک لە ساڵی 2023ـدا، 114 کەیس لە دادگا بووە، بەڵام لەساڵی 2024 رێژەکە بەرزبووەتەوە بۆ 159 کەیس.
موحەڕەم رەسوڵ، دادوەری لێکۆڵینەوە لە دادگای کەلار بە 964ـی وت، “بەکارھێنەرانی ماددەی ھۆشبەر نەک تەنھا لە گەرمیان، بەڵکو لە کوردستان و عێراقیش روولەزیادبوونە، بۆیە پێویستە سنورێکی بۆ دابنرێت و زوو بڕیار لە کەیسەکانیان بدرێت و ئەو کەسانەی ئەو کارە دەکەن، سزا بدرێن”.
“ئامارەکانی بەکارھێنەر و بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر ساڵ لەدوای ساڵ زیاد دەکەن، لە گەرمیان لەساڵی 2023 دا 114 کەیسمان ھەبووە بەڵام ساڵی 2024، 159 کەیسمان ھەبووە، تا یەک حاڵەتیش ھەبێت، دەبێت وەک مەترسی سەیری بکەین”، موحەڕەم رەسوڵ وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەرمیان ھاوسنوورە لەگەڵ ناوچەکانی خوارووی عێراق و وڵاتی ئێران، بۆیە زۆرینەی تووشبووانی ماددەی ھۆشبەر لە گەرمیان، ئەو کەسانەن کە سەردانی وڵاتی ئێران دەکەن و دەگەڕێنەوە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری