شەتڵە تەماتە لە شوێنی رووداوەكە روواوە
وریا حەمەكەریم بە مردووییش هەر خێر و بەرەكەتە
دیلان محەمەد
لەو شوێنەی كە وریا حەمەكەریمی میدیاكاری ناسراو گیانی لەدەست دا، شەتڵە تەماتە شین بوونە و ئەگەر خزمەتیان بكرێت، تەماتەش دەگرن.
پەیامنێری 964 چووەتە شوێنی رووداوەكەی گیانلەدەستدانی وریا حەمەكەریم و مامۆستا ئارام لە رێگەی عەربەت – سلێمانی، لەوێ دەركەوتووە، ئەو بارهەڵگرەی تەماتەی باركردبوو، رووداوەكەی كرد و دواتر بارەكەی رژا، ئێستا تۆوی تەماتەكە شین بووەتەوە و بووەتە شەتڵ.
شەتڵەكان بە ئاوی باران و خۆڕسكانە شین بوونە و ئەگەر كەسێك بایەخیان پێدا و كاریان تێدا بكات، بۆی هەیە تەماتەش بگرن و ببنە مایەی خێر و بەرەكەت بۆ رۆحی وریا و هاوڕێیەكەی.
وریا حەمەكەریم كێیە؟
وریا حەمەساڵح ناسراو بە وریا حەمەكەریم، پەیامنێر و میدیاكاری كەناڵی ئێن ئاڕ تی، لە 6.2.2025 لە رێگەی عەربەت – سلێمانی بە رووداوی ھاتوچۆ لە تەمەنی 37 ساڵی، لەگەڵ هاوڵاتییەكی دیكە بە ناوی مامۆستا ئارام گیانیان لەدەست دا.
رووداوەکە کاتێک رووی داوە، کە ئۆتۆمبێلێک پەکی دەکەوێت و وریا بە مەبەستی یارمەتیدان دەچێتە لای ئۆتۆمبێلەکە و لەو کاتەدا بارھەڵگرێک جڵەوی لە دەست دەدات و خۆی بە ھەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا دەکێشێت و لە ئاکامدا وریا و شۆفێرەکەی دیكە گیانیان لە دەست دا.
وریا میدیاكارێكی سەركەوتوو، قسەخۆش و خۆشەویستی خەڵك بوو، بۆیە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە كۆچی دوایی ئەو، كاریگەر بوون و كاردانەوە و هاوسۆزیی خۆیان بۆ كەسوكارەكەی دەربڕی.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا