رێکخراوێک؛ لە رێگەی هەڵمەتێکەوە سیمای شەقام و ژێر پردەکانی هەولێر جوان دەکەن

964+

رێباز یونس- هەولێر

کۆمەڵێک گەنجی دەستڕەنگین دیوارەکانی پیسەکانی رێگاکانی هەولێر خاوێن دەکەنەوە و بە نیگاری جوان دەینەخشێنین.

رێکخراوی (مایپڵ تری) لە چوارچێوەی هەڵمەتی “رەنگاڵە”دا بەردەوامە لە لادانی نووسین و دروشمی نەشیاو لەسەر دیواری شوێنە گشتییەکان و نەخشاندنیان بە ئاڵای کوردستان، وێنەی پێشمەرگە و دروشمی نەتەوەیی، ئەمجارەش، ئەندامانی رێکخراوەکە کاری نەخشاندنیان بۆ دیواری ژێر پردی 120 مەتری لەسەر رێگای مەخموور ئەنجام دا.

هەکار محەمەد، بەڕێوەبەری رێکخراوی مایپڵ تری رایگەیاند، ئەمە پێنجەمین ژێر پردە کە کاری وێنەکێشانی لەسەر دەکەن و دوو پردی دیکە لە رێگا سەرەکییەکانی چوونەژوورەوەی هەولێر ماون کە کاریان لەسەر بکەن، ئاماژەی بەوەش کرد، چالاکییەکانیان تەنها لە هەولێر قەتیس نەبووە و چوونەتە پارێزگای دهۆکیش؛ بەڵام نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە هەندێک جار هاوڵاتییان پابەندی پاکڕاگرتنی دیوارەکان نابن، بەجۆرێک دوای حەوت رۆژ لە کارکردنیان لە قوتابخانەیەک، ژنێک بە نووسین رێکلامی بۆ کارەکەی کردووە.

ئادەم چیا، کە بە سیمبولی کوردان ناسراوە و لە یەکێک لە ژێرپردەکان وێنەی کێشراوە و خۆشی بەشدارە لە کێشانی وێنەکان وەک بچوکترین ئەندام وتی؛ لە ژێر پردی کەرکوک وێنەی منیان دروستکردووە و زۆر بە بەدڵمە و زۆر جوانە، هاوکات داوای لە هاوڵاتییان کرد دیوارەکان پیس نەکەن و رێز لە ژینگە و دیمەنی شارەکەیان بگرن.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح