خۆڵبارین دەستی خۆی وەشاند

لە کەرکوک نزیکەی 130 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کران

کاروان ساڵحی-کەرکوک

لە کەرکوک خۆڵبارین نزیکەی 130 کەسی گەیاندە نەخۆشخانە و تیمەکانی تەندروستیش لەناو شار و قەزاکان بڵاوەیان پێکرا.

سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ـی وت، “لەدوێنی سێشەممەوە 13.5.2025 خۆڵبارین شاری کەرکوکی گرتووەتەوە و لەسەر راسپاردەی وەزیری تەندروستی  و بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک، بڵاوە بە تیمەکانی پزیشکی لەناو شار و قەزاکان کراوە، بۆ ئەوەی لەکاتی نەخوازراودا بەهانای هاوڵاتیانەوە بچن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا 128 هاوڵاتی گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی کەرکوک و دەورووبەری، لە ناو نەخۆشخانەکان تیمی تایبەت ئامادە کراوە بۆئەوی بەزووترین کات چارەسەری نەخۆشەکان بکەن.

چەند رۆژێکە شەپۆلێکی خۆڵبارین رووی لە ناوچەکانی کوردستان کردووە و بەپێی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان، تا سبەی بەردەوام دەبێت.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری