ناسینەوەی ئاسانە
تەنیا بە دەست لێدان دیناری ساختە جیادەکرێتەوە
964+
دەشتی عارف – هەولێر
لە بازاڕەکاندا جیا لە دۆلاری ساختە ئێستا دیناریش ساختە دەکرێت و دەردێتە هاوڵاتییان، بەڵام ناسینەوەی ئاسانە و تەنیا بەدەست لێدان دەتوانرێت جیابکرێتەوە.
عەبدولئەحەد، خاوەنی بۆرسەی دراو گۆڕینەوەیە، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، ”هەموو جۆرەکانی دینار ئێستا ساختە دەکرێت، بەڵام 25 هەزر دیناری بە رێژەیەکی زیاتر ساختە دەکرێت”
وتیشی، ناسینەوەی پارەی ساختە، ئاسانە هەر دەستی لێدە لە پارەی ئاسایی ئەستورترە و لوسە، پێچەوانەی پارە ئەسڵەکە کە تەنکە و تۆزێک زبری تێدایە”.
باسی لەوەشکرد، کە هێزە ئەمنیەکان هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە لەناو بازاڕ ئەمەش وایکردووە، پارەی ساختە لە بازاڕ کەمبێتەوە، ئەگەر کەسێکیش پارەی ساختەی پێ بێت، یان دەیدەینە ئاسایش یانیش چەند کونێک لە پارەکە دەکەن و دەیدەینەوە خاوەنەکەی.
شوان محمد، کاسبکارێکی ناو بازاڕە، چەند نیشانەیەکی ناسینەوەی پارەی ساختەی بۆ روونکردینەوە و وتی، ئەگەر ئامێری پارەمان لا نەبێت، دەبێت بەرامبەر رووناکی سەیری پارەکە بکەین و دەبینین لەلای چەپی پارەکە وێنەی ئەسپێک هەیە، هەروەها لەلای راستی پارەکەش لەناو بازنەیەک نوسراوە عێراق بە خەتی رەش، جیا لەوانەش لای راستی پارەکە زبریەکی زیاتر هەیە و لە دراوە ساختەکە نیه”.
پارەی ساختە لە بەشێک لە بازاڕدا ئێستاش دەستاودەست دەکات و ئەگەر لێزان نەبیت لەوانەیە وەریبگریت و هەستیشی پێ نەکەیت، پەیامنێری 964 بۆ زانیاری زیاتر پەیوەندی بە پۆلیس و ئاسایشەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە بدەن.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر