حکومەتی هەرێم وادەی کۆتایی هاتنی کۆکردنەوەی کۆمەکی راگەیاند

+964

فەرمان سادق

حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی هەینی داهاتووی وەک دوا وادەی کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەستنیشانکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە 13.2.2023، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، ئێواره‌ی رۆژی هه‌ینی داهاتوو 17ـی ئەم مانگە، وەک دوا وادەی كه‌مپینی كۆكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ك و هاوكاری بۆ لێقه‌وماوانی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی باكووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستان دەستنیشانکرد.
کەمپینەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەشتی ئەم مانگە راگەیەندرا بوو.

هاوکات بەگشتی لەسەر ئاستی کوردستان لە 32 شوێنی جیاواز کۆمەک بۆ لێقەواماوانی بوومەلەرزەکەی باکوور و رۆژئاوای کوردستان کۆکرایەوە، کە بەشێکیان لەلایەن رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، حزبەکان بوون.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئەو کۆمەکانەی کۆکراونەتەوە، لە لایەن تیمەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و خۆبەخشەکان پۆڵێن و ئامادە دەکرێن و رۆژانە بۆ هاوکاری لێقەوماوان رەوانەی تورکیا و سووریا دەکرێن.

وه‌زاره‌تی ناوخۆ سوپاسی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێت “سوپاس و پێزانینی زۆرمان بۆ کوردستانیانی ئازیز هەیە کە وەکو هەمیشە بەشدارییەکی کاراییان لەو کەمپەینە کردووە و ماڵ و کەلوپەلی خۆیان و سەروەتیان لەگەڵ لێقەوماوان بەش کردووە.”