یەکێک لە گۆڕستانەکانی ئێزیدییەکان - social media
یەکەمین هەوڵی بەدۆکومێنتکردنی تاوانی دژ بە ئێزیدییەکانە
مۆنۆمێنتی “قوربانیانی ئێزیدی” لە شنگال دروستدەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
دروستکردنی مۆنۆمێنتێک لە شنگال بۆ قوربانیانی ئێزیدی چووەتە بوواری جێبەجێکردنەوە. رێکخراوی دەستپێشخەریی نادیە دەڵێت، مۆنۆمێنتەکە بۆ ماتەمگێڕانی بەیەکەوەیی گرنگە.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراویی نێودەوڵەتیی کۆچ و رێکخراوی دەستپێشخەریی نادیە، کە کۆپییەکی بۆ تۆڕی 964 نێردراوە، ئەو مۆنۆمێنتە لە شێوەی گۆڕستانێکدا دەبێت و چووەتە بواری جێبەجێکردن.
لە مانگی ئابی 2014، ئێزیدییەکان لە شنگال لەلایەن رێكخراوی داعش پەلاماردران، هەزاران خەڵک کوژران و سەدان هەزار ئاوارەبوون و زیاتر لە 6000 ژن و منداڵ بە کۆیلەکران. تا ئێستاش چارەنوسی نزیکەی 2700 ئێزیدی هێشتا بە بێسەروشوێنی ماوەتەوە و دەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هێشتا هەڵنەدراونەتەوە.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، مۆنۆمێنتەکە یەکەمین پڕۆژەی لەو ئاستەیە کە جینۆسایدی ئێزیدییەکان دۆکیومێنت بکات.
ئەوەش هاتووە، ئامانجی مۆنۆمێنتەکە هەر تەنیا ئەوە نییە کە یادی قوربانیان بکاتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەشە کە ببێتە هۆکارێک بۆ ساڕێژبوونی بە کۆمەڵی خەڵک و کۆمەڵگە و ناوچەکە کە دووچاری زەبر بوونەتەوە.
دەستپێشخەریی نادیە، رێکخراوێکی نێودەوڵەتیی ناحکومییە، خۆی تەرخانكردووە بۆ بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەکان لە تەنگژەدا و داکۆکیکردن لە رزگاربووانی توندوتیژیی سێکسی لەسەر ئاستی جیهان.
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، رێکخراوێکی نێوان حکومەتەکانە لە بواری کۆچ، بە هاوکاریی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوبەشان لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کار دەکات بۆ دابینکردنی پاڵپشتی لە تەواوی عێراق و هەرێمدا.