وەک یەکەم پارێزگای هەرێم

بە ئەلیکتررۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە هەڵەبجەوە دەستپێدەکات

964+

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە ئەمڕۆوە پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، وەک یەکەم پارێزگاش لە هەڵەبجەوە پرۆسەکە دەستپێدەکات و شەوی رابردووش ئەپڵیکەیشنی تایبەت بە پرۆسەکە لە هەڵەبجە کارا بوو، کە هاوڵاتیان دەتوانن زانیارییەکانیان لەسەر ئەپەکە نوێ بکەنەوە.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە 964ـی وت، وەک دیارییەک بۆ پارێزگا نوێیەکەی هەرێم، پێمانخۆشبوو پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی فۆرمی خۆراک لە هەڵەبجەوە دەستپێبکات، هیوادارین خەڵکیش وەک هەمیشە هاوکار بن، چونکە ئەوەی بەشداری لەم پرۆسەیەدا نەکات، پسووڵەی خۆراکی بۆ نامێنێتەوە و بەشە خۆراکەکەی دەبڕدرێت.

سەبارەت بە رێوشوێنەکان نەوزاد شێخ کامیل روونیکردەوە، پێویستە لەسەر هاوڵاتیان لەسەر مۆبایلێکی زیرەک ئەپڵیکەیشنەکە دابەزێنێت و دوای هەنگاوەکان بکەوێت هەتا تەواوی زانیاریەکانی لەناو ئەپەکەدا تۆمار دەکات و دەچێتە ناو سیستەمەکەوە، دواتر قۆناغی زیادکردن، یاخود کەمکردنەوەی زانیارییەکان دەستپێدەکات.

روونیشیکردەوە، لە هەفتەی داهاتووەوە لە پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان پرۆسەکە دەستپێدەکات و ئامانجی پرۆسەکەش کەمکردنەوەی رۆتین و تێچوو هەروەها گەڕاندنەوەی کاتە بۆ هاوڵاتیان.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

بە ئەلیکترۆنیکردنى فۆڕمى خۆراک کارتى نیشتمانى خورماتو...

بە ئەلیکترۆنیکردنى فۆڕمى خۆراک کارتى نیشتمانى خورماتووى قەرەباڵغ کردووە