"شارە حەیاتەکە میواندۆست و ماڵی هەمووانە"

عومەری كەریم ئاغا خۆی بە قەرزداری سلێمانی دەزانێت

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

عومەری كەریم ئاغا، شارە حەیاتەکە بە دایکی خۆی دەزانێت و دەڵێت، “هەر رۆژێ نەچمە بەردەرکی سەرا، دڵ و دەروونم ئەیکەن بە هەرا”.

هونەرمەند عومەری كەریم ئاغا، کە بۆ یادی 242 ساڵەی بونیادنانی سلێمانی قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، لە سلێمانی لەدایکبووم و خۆم بە قەرزارباری ئەو شارە دەزانم و بەبێ ئەو ناژیم”.

ئەو هونەرمەندە دیارەی سلێمانی دەڵێت، “هەر رۆژێ نەچمە بەردەرکی سەرا، دڵ و دەروونم ئەیکەن بە هەرا، پێم ئەڵێن بۆچی سەردانت نەکرد نازانی ئەمڕۆش غەدری لێکرا”.

“سلێمانی میوان دۆستە و واخولقاوە کە ماڵی هەمووان بێت، کەس بە غەریبە نازانێت، پێشوازی لە هەموو ئەو کەسانە دەکەین کە سلێمانیان خۆشدەوێت”، عومەری کەریم ئاغا وادەڵێت.

دەشڵێت، “سلێمانی زۆر شتی لەبارەوە وتراوە، بەڵام وەک پێویست خزمەتی نەکراوە”.

شاری سلێمانی لە 14ـی 11ـی 1784 لەلایەن ئیبراهیم پاشای بابانەوە بونیادنراوە و ساڵانە لەو رۆژەدا یادی دامەزراندنی ئەو شارە دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە :کوردستان جەلال