رێگاکە دهۆک دەبەستێتەوە بە پارێزگای موسڵ

رێگای بەردەڕەش موسڵ قیرتاو دەکرێت

964+

زەید کۆچەر – دهۆک

لەموسڵەوە تا دەگاتە پردی مەندان قیرتاو دەکرێتەوە، بەمەش لەبەردەڕەشەوە جارێکی دیکە موسڵ بە دهۆکەوە دەبەسترێتەوە.

رێگەکە دەمێکە بوونی هەیە، بەڵام بەهۆی شەڕی دژ بەداعش چاڵ و کەندی زۆری تێکەوتووە و حکومەتی خۆجێی موسڵیش بڕیاری دووبارە قیرتاوکردنی داوەتەوە لەگەڕەکی تەحریری موسڵ تا دەگاتە سەر پردی مەندان لەسنووری پارێزگای موسڵ.

بەنۆژەنکردنەوەی ئەو رێگەیە، دەبێتە دووەم رێگەی بەستنەوەی موسڵ بەسنووری پارێزگای دهۆک، بەڵام گرنگی ئەو رێگەیە لەوەدایە کە قەزاکانی بەردەڕەش و ئاکرێ و ناحیەکان و گوندەکانی ئەو سنوورە لەنزیکترین رێگەدا دەبەستێتەوە بەسەنتەری موسڵ، ئەمەش کارئاسانی زۆر دەکات بۆ دانیشتووانی ناوچەکە و یەکێکە لەڕێگە ستراتیژەکان.

رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری موسڵ بە تۆڕی964ی راگەیاند: شەقامەکە لەسەرەتای شاری موسڵ تا دەگاتە پردی مەندان کە هاوسنوورە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بڕیاری نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنەوەی بۆ دەرچووە، ماوەتە تەندەرینی بۆ بکرێت و بدرێتە کۆمپانیایەک.

وتیشی “رێگەکە زۆر ستراتیژی و گرنگە لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای موسڵ، ئێستا هاوڵاتییەکی زۆر رۆژانە بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەن”.

تۆڕی964 دەزانێت، درێژی رێگەکە 28 کیلۆمەترە و بڕیاردراوە بە گوژمەی دوو ملیار و 800 ملیۆن دینار جێبەجێ بکرێت، بڕیارە لەماوەی کەمتر لەمانگێکدا نۆژەنکردنەوەی رێگەکە جێبەجێ دەکرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی