رێككەوتن كرا
هەولێر و تاران، لە ململانێی سیاسی و ئەمنییەوە بەرەو پەرەپێدانی ئابووری و بازرگانی
964+
محەمەد فاتیح
پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و تاران دەچێتە قۆناغێكی دیكە و لە ململانێی سیاسی و ئەمنییەوە روودەكاتە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەكان، ئەوەتا ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر و محهممهد سادق موعتهمدیان پارێزگارى تاران، لە دیوانى پارێزگاى تاران لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو پارێزگايان واژووكرد.
بەپێی لێكتێگەیشتنەكە ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی کارکردن بۆ هاوڵاتیانی هەردوو پارێزگا لە کاروباری بازرگانی و بانکیدا دەكرێت، لەگەڵ بەهێزکردنی ڕاوێژکاریی بازرگانیی ئێران لە هەولێر و ئاسانکاری بۆ کاروباری گومرگی.
هەردوو پارێزگای هەولێر و تاران رێكەوتوون لەسەر، ئاڵوگۆڕی شاندی بازرگانی، ئەنجامدانی کۆنفرانس و پێشانگا، ئاڵوگۆڕی ئاماری بازرگانی و زانیاری لە پێدانی لیستی کەلوپەل و مەرجە پەسەندکراوەکانی هەردوو پارێزگاکە.
فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لە بواری هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی تەکنیکی و ئەندازیاریی بەتایبەتی لە پیشەسازیی بیناسازیی و دامەزراندن، خاڵێكی دیكەی لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەولێر و تاران بوو، لەگەڵ فراوانکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا لەبواری گەشتوگوزاریی پزیشکی، هەناردەکردنی خزمەتگوزاریی فێرکاری، پزیشکی و دەرمان، ڕۆشنبیری و وەرزشی.
هەر دوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری توێژینەوە و دەستکەوتەکان لە بوارەکانی پیشەسازیی و بایۆتەکنەلۆجی، ئەندازیاری پزیشکی، پڕۆژەی زانستی و نانۆتەکنەلۆژیا، و ئاسانکاری بۆ وەرگرتنی قوتابیانی پارێزگای هەولێر لە پارێزگای تاران.
ئەنجامدانی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەرزی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی هەردوو پارێزگای تاران و هەولێر لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکان، بە هەماهەنگی کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئێران و فراوانکردنی ئاڵوگۆڕەکان و جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بەشداریکردنی زانیارییە گشتییەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، وەك لە لێكتێگەیشتنەكەی نێوان هەولێر و تاراندا هاتووە.