سلێمانى

بەهۆی دزرانی سەری مەنهۆڵەکانەوە؛ گەڕەکى چوارباخ بۆ زستان حاڵى باش نابێت


ئەحمەد محەمەد- سلێمانى

بەپێی بەدواداچوونەکانى 964، لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە سەری مەنهۆڵەکانی گەڕەکی چوارباخ دزراون. هاووڵاتییان بۆ پاراستنی سەلامەتیی شۆفێران و رێگریکردن لە کەوتنەخوارەوەی ئۆتۆمبێل و تەقینی تایەکانیان، ناچار بوون چاڵی مەنهۆڵەکان بە تایەی کۆن، بلۆک، بەرد، قوڕ و لیتە پڕ بکەنەوە، ئەمەش وایکردووە ڕێڕەوی ئاوەڕۆکان بە تەواوی بگیرێن.

دانیشتووانی گەڕەکەکە باس لەوە دەکەن، مانەوەی مەنهۆڵەکان بەم شێوەیە و پاکنەکردنەوەیان، مەترسى دروست دەکات، بەتایبەت مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەو گەڕەکەدا .
لە بەرامبەر ئەم کێشەیەدا، هاووڵاتییانی گەڕەکەکە لە رێگەی 964ـەوە داواکارییەکی بەپەلە ئاراستەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و فەرمانگەی ئاوەڕۆکان دەکەن، تا بە زووترین کات چارەسەری ئەو گرفتە بکەن، سەری مەنهۆڵەکان دابنێنەوە و تیمەکانیان بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان رابسپێرن، پێش ئەوەی شەپۆلەکانی بارانبارین زیان بە ماڵ و حاڵی هاووڵاتییان بگەیەنن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح