هەڵبژاردنی 2025

كۆمسیۆنی هەڵبژاردن لە رێگەی 964وە داوایەک ئاراستەی دەنگدەران دەكات

محەمەد فاتیح

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دوا زانیاری و وردەكاریەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراقی ئاشكرا كرد و داتاكانی هەرێمی كوردستانیشی خستەڕوو.

ئەمڕۆ شەممە 26.4.2025 جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تایبەت قسەی بۆ 964 كرد و وتی تا ئێستا زیاتر لە 150 هەزار كەس لە هاونیشتمانیانی هەرێمی كوردستان داتای تۆماری دەنگدانیان نوێكردووەتەوە و 173 ناوەندی تۆماركردنیش كراوەن لە هەموو پارێزگاكانی هەرێم بۆ ناو تۆماركردن.

دەشڵێت، نوێكردنەوەی داتای تۆماری دەنگدەران تا ئەمڕۆ شەممە  26.4.2025  گەیشتووەتە نزیكەی ملیۆنێك كەس و داوا لە گەنجانی لە دایكبووی 2007 دەكەین، كە ژمارەیان لە ملیۆنێك دەنگدەر تێپەڕیوە سەردانی نزیكترین ناوەند بكەن بۆ نوێكردنەوەی داتاكانیان و تۆماركردنیان لە ئامێرەكانی كۆمسیۆن بەشێوەی بایۆمەتری وەك مافێكی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكان.

نزیكەی ملیۆنێك هاوڵاتی عێراقی داتای تۆماری دەنگدانیان نوێكردووەتەوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق و 1079 ناوەند كراوەن لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بۆ خۆتۆماركردن، جومانە غەلای واى وت.

سەبارەت بە حزبەكان روونیكردەوە 327 حیزب رێگەپێدراون و تا ئێستا 70 حیزب ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ بەشداریكردن، بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتیش تەنیا سەردانی فەرمانگەكانی هەڵبژاردن كراوە بۆ پرسیاركردن، بەبێ‌ ئەوەی هیچ شتێك پێشكەش بكەن، ئەو حزبانەشی بەڕێوەن بۆ دامەزراندن ژمارەیان دەگاتە نزیكەی 46 حیزب.

بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو .

رۆژى 9.4.2025 لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رۆژی 11.11.2025 وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکرا.

دوای بڕیارەکە، جومانە غەلای، وتەبێژ بەناوی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كۆمسیۆن لە رووی تەكنییكیەوە ئامادەیە بۆ هەڵبژاردن و دەستی بەكارەكانی كردووە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەببات.