یەک هەڵوێست و یەک گوتار
کۆنفرانسى یەکڕیزى کورد لە رۆژئاواى کوردستان بەڕێوەدەچێت
964+
وریا فەتاح
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە 26.4.2025، کۆنفرانسى یەکڕیزیى هەڵوێستى کورد لە رۆژئاواى کوردستان، بە ئامانجى بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکخستنى هەڵوێست و داواکارییەکانى کوردە بەتایبەتی لە سووریا، بەڕێوەبچێت.
کۆنفرانسەکە لە پارکى ئازادى شارى قامیشلۆ بەڕێوە دەچێت و زیاتر لە 400 کەس کە نوێنەرایەتى پارت و رێکخراوە کوردییەکانى، رۆژئاواى کوردستان دەکەن تێیدا بەشدارى دەکەن و نوێنەرى هەردوو پارتى سەرەکى پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتى نیشتمانى کوردستان، بەشدارى دەکەن.
کۆنفرانسەکە، کاتژمێر 10:00ـی پێش نیوەڕۆ، دەست پێدەکات، دواتر وتاری کردنەوە لەلایەن مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەخوێندرێتەوە.
کۆنفرانسەکە بۆ ئەوەیە رەشنوسى یەکڕیزى کورد کە بەرەنجامى ماوەیەکى زۆر لە گفتوگۆیە، بخرێتەڕوو و گفتوگۆى لەسەر بکرێت تا ئەوەى بتوانن بە رێککەوتنێکى هاوبەش لێى دەربچن و بۆ راى گشتى بخرێتەڕوو.
ئێستا لە رۆژئاواى کوردستان هێزی زۆر هەن، بەڵام دوانیان لە هەموویان کاریگەرترن، یەکەمیان هێزەکانی سوریای دیموکراتە کە لەلایەن مەزڵوم عەبدییەوە فەرماندەیی دەکرێن، دووەمیان ئەنجومەنى نیشتمانى کوردى سوریا (ئەنەکەسە)، قسەو باس لەسەر ئەوەیە ئەم دوو هێزە بە رێککەوتنێکى هاوبەش کە رێککەوتنێکى کوردییە، پێکەوە بچنە شام و لە داهاتووى سوریادا رۆڵیان هەبێت.
دەمێکە نێردراوى فەرەنسا لە رۆژئاوای کوردستانە لەگەڵ هەموو هێزە جیاوازەکان بەجیا کۆبووەتەوە بۆ ئەوەی قسەیەک لەسەر ئەوە بکەن چۆن کوردەکان بچنە دیمەشق، هەر بۆیە کۆنفرانسەکەى ئەمڕۆ، بەرمەبناى ئەو هەوڵانەیە و چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ کورد بە یەک هەڵوێستى هاوبەشەوە لێى دەربچێت.