ماوەی 12 رۆژە خۆپێشاندان بەردەوامە
لەناو خۆپیشاندەرانی دەربەندیخاندا مانگرتن دەستیپێکرد
964+
توانا نەقی
هاوڵاتییانی قەزای دەربەندیخان، ماوەی 12 رۆژە لە ناڕەزایەتی دەربڕین و خۆپێشاندان بەردەوامن و لەسەر شەقام دەمێننەوە، بەشێک لە خۆپێشاندەرانیش مانگرتنیان لەخواردن و خواردنەوە راگەیاند.
داواکارییەکانی خۆپێشاندەرانی دەربەندیخان پێکدێت لە سێ بابەتی سەرەکی، ئەوانیش دابینکردن و پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە و هەڵگرتنی پێوەری ئاو و زیادکردنی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانی.
سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە تۆڕی964ی راگەیاند، ماوەی 12 رۆژە بەشێک لەهاوڵاتییانی قەزاکە لەسەر شەقامن و هەموو هەوڵێکی خۆمانمان خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەین.
وتیشی، داواکارییەکانمان گەیاندووەتە ئەنجومەنی وەزیران و ئێمەش وەک ئەوان چاوەڕوانین کە وەڵامان بدرێتەوە، داواکارییەکان داوای رەوای هاوڵاتییانن و مافی خۆیانە کە بۆیان جێبەجێ بکرێت.
فەرمان عەبدولرەحمان، چالاکوان لە خۆپێشاندانەکانی دەربەندیخان بە تۆڕی964ی وت، لە ئەمڕۆ 12.2.2023وە حەوت کەس لە خۆپێشاندەران بەتەواوەتی مانیان لە خواردن و خواردنەوە گرتووە و خۆپێشاندانیش تائێستا هەر بەردەوامە.
دەشڵیت: کەس وەڵامی داواکاری خۆپێشاندەرانی نەداوەتەوە و ئێمەش بڕیارمانداوە تا داواکارییەکانمان جێبەجێنەکرێت لەسەر شەقام دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین.
قەزای دەربەندیخان سەر بە پارێزگای سلێمانییە و خاوەنی یەکێکە لە بەنداوە گەورەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵکەکەی بەدەست کێشەی ئاوی خواردنەوە و بێکارەباییەوە دەناڵێنن.