دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا - وێنە؛ ئەرشیف
"هێرشەکەی ئەمڕۆ بە هەماهەنگی حکومەتی عێراق بووە"
ترەمپ توڕەیە لە ئێران و دەڵێت: “وانەیەکی سەختیان پێدەدەین”
شۆڕش قادری
ترەمپ توڕەیە لە ئێران و دەڵێت، فێری وانەیەکی سەختیان دەکەین و هێرشەکانی ئەمڕۆش بۆ سەر حەشد شەعبی، بە هەماهەنگی حکومەتی عێراق بووە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانی بۆ کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاندووە، “دوای هێرش بۆ سەر هێزەکانمان لە ئوردن، وانەیەکی سەخت دەدەین بە ئێران، هێرشەکەی دوێنێی، شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو، هێزەکانمان تەنیا چەند خولەکێکیان لەبەردەستدا بوو بۆ رێگریکردن لە مووشەکەکانی ئێران”.
ئەمڕۆ سوپای پاسدارانی ئێران ساتی موشەکبارانی پێگەکەکانی ئەمریکای لە ئوردن بڵاوکردەوە و رایگەیاند، زیانی زۆریان پێگەیاندوون.
ئەو میلیشیایانەى کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، شێرپەنجەى جیهانن
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاندووە، هێرش بۆ سەر گروپە چەکدارەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی بە هەماهەنگی حکومەتی عێراق بووە و دەڵێت، “ئەو میلیشیایانەى کە ئێران پاڵپشتیان دەکات، شێرپەنجەى جیهانن”.
سەرۆکی ئەمریکا دووپاتیشیکردەوە کە بە توندی لە ئێران دەدەن.
ئەم لێدوانەی ترەمپ دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29.7.2026 میدیای ئێران بڵاویکردەوە، لە نزیک پیرانشاری سەربە پارێزگای ورمێ، هێرش کراوەتە سەر ناوچەیەکی دەرەوەی نیشتەجێبوون و هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
هەر بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئەمریکا و سعودیە بەهاوبەشی هێرشیان کردەسەر پێگە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوا و چەند شوێنێکی دیکەی عێراق و بەپێی دواین ئاماری دەستەی حەشدی شەعبی، لەو هێرشانەدا لانیکەم 20 چەکدار کوژراون و زیاتر لە 30ـی دیکەش بریندارن.