خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان هاوار بۆ دەرماڵە و ئازادی دەکەن

+964
هونەر فارس – گەرمیان

خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بۆ سێیەم هەفتە لەسەر یەک، ناڕەزایەتی دژی پێنەدانی دەرماڵەکانیان دەردەبڕن و تا ئێستاش گوێ لە داواکارییەکانیان نەگیراوە.

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٧ی تشرینی دووه‌م، جارێکی دیکە خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بە دروشمی (دەرماڵە، دەرماڵە، ئازادی بۆ هیوا)، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و رێگەی سەرەکیی کەلار – سلێمانییان داخست.

سەرەتای خۆپێشاندانەکە له ناو زانکۆی گه‌رمیان دەستی پێکرد، دواتر خوێندکاران بە رێپێوان ناڕەزایەتییەکانیان بۆ سەر رێگەی کەلار – سلێمانی گۆڕی، ناوبەناویش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەوڵی کۆتاییهێنان و کردنەوەی رێگەکە دەدرا، بەڵام خوێندکاران لەسەر داواکارییەکانیان سور بوون.

“خوێندکاران بە رێپێوان ناڕەزایەتییەکانیان بۆ سەر رێگەی کەلار – سلێمانی گۆڕی”

محەمەد عوسمان، خوێندکاری قۆناغی دووەمی بەشی عەرەبی زانکۆی گەرمیانە، بۆ 964 + وتی: ئێمە لە داواکارییەکانمان سارد نابینەوە و تا وەرگرتنەوەی مافەکانمان لە شەقام دەبین.

خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان لەسەر دەرماڵە ناڕەزایەتی دەردەبڕن – ڤیدیۆ +964

سیما عومەر خوێندکارێکی دیکەی ناڕازییە، لە پاڵ داواکاریی دەرماڵەکەی داوای ئازادکردنی هیوا خالید، خوێندکاری دەسگیرکراوی زانکۆی سلێمانی دەکات، داواش لە هێزە ئەمنیەکان دەکات سەر و گیانی خوێندکاران بپارێزن و ڕووبەڕوویان نەبنەوە.

بەهەمان شێوە ئەستێرە ئەنوه‌ر خوێندکاری به‌شی یاسای زانکۆی گەرمیان، داوای گێڕانەوەی دەرماڵە و ئازادکردنی خوێندکارە دەستگیرکراوەکانی زانکۆ دەکات.

ئه‌و وتی: تا بە مافە رەواکانمان دەگەین درێژە بە ناڕەزایەتییەکان دەدەین”.

هه‌ر ئه‌مڕۆ خوێندکارانی کۆلێژی زانسته‌ مرۆڤایه‌تییه‌كانی خانەقین لە پاڵ خوێندکارانی زانکۆی گەرمیان، بۆ داواکردنی مافەکانیان گردبوونەوە.

سه‌باره‌ت به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكاریی خوێندكارانی زانكۆی گه‌رمیان، 964+ له‌ هه‌ولێر چوار جار په‌یوه‌ندی به‌ نووسینگه‌ی وه‌زیری خوێندنی باڵا و وته‌بێژی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا كرد، به‌ڵام وه‌لامی په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌دایه‌وه‌.