لە سەردەمی کۆرۆنا

“گەندەڵی لە دابەشکردنی پێداویستییە پزیشکییەکانی تورکیا جبوری بەگرتن دا”

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

بەقسەی سەرچاوەیەکی نزیک لە نووسینگەی پارێزگای پێشووی کەرکوک، گەندەڵی لە دابەشکردنی هاوکارییە پزیشکییەکانی تورکیا لە سەردەمی کۆرۆنا، یەکێکە لەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی راکان جبوری کراون و لەسەری دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە نووسینگەی پارێزگاری پێشوو بە 964ـی وت، “دەستبەسەرکردنی جبوری دەگەرێتەوە بۆ دۆسییەکی سەردەمی کۆرۆنا، ئەو کاتەی لەساڵی 2020 و لەسەر داوای سەرۆکی بەرەی تورکمانی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بڕیاریدا هاوکاری پزیشکی بنێرێت بۆ شاری کەرکوک”.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای گەیشتنی فڕۆکەیەکی تورکی کە چەندین تۆن پێداویستی پزیشکی هەڵگرتبوو لە دەمامک و دەستکێش و چەند بابەتێکی دیکەی پزیشکی، دەستکرا بە دابەشکردنی پێداویستییە پزیشکییەکان و دوای ئەو بابەتە راکان جبوری بەوە تۆمەتبار کرا کە هاوکارییەکانی تورکیای بەبێ ئاگاداری بەغدا دابەشکردووە و گەندەڵی تێداکردووە، بۆیە چەند کەسێک سکاڵایان لەسەر تۆمار کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە راکان سەعید جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک دوای سێ رۆژ لە راگرتنی لە بەغدا، بە کەفالەت ئازاد کرا، ئەو سەرچاوەیە وتی، ئێستا راکان جبوری بەرێگاوەیە بەرەو شاری کەرکوک.

پێشتریش دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وتبوو کە راکان جبوری بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەر کراوە و دیارترین دۆسیەکانیشی، گەندەڵی فڕۆکەخانەی کەرکوک و هەروەها پارەی نۆژەنکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش بۆ میوانخانەکەی خەرج کردووە، جگە لەوانەش کڕینی ئۆتۆمبێل بۆ دەستەی دەستپاکی کەرکوک بۆ شاردنەوەی دۆسیەکانی گەندەڵی خۆی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

راکان جبوری دوای سێ رۆژ لە راگرتنی بەکەفالەت ئازاد کرا

راکان جبوری دوای سێ رۆژ لە راگرتنی بەکەفالەت ئازاد کرا