زاخۆ

12 راوچیی ماسی دەستگیركران و راپێچی دادگا كران

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

12 ماسیگر لە زاخۆ دەستگیرکران و رادەستی دادگا كران، پۆلیسی دارستان و ژینگەی زاخۆش ئاشكرای دەكات، هەندێک كەلوپەلی راوی ماسی لە كاتی قەدەغەنەبوونی راوكردنیشدا نابێت بەكاربێن و قەدەغەن.

لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە ناحیەی باتێل گوندی خراب دێم، 12 ماسیگر لەلایەن پۆلیسی دارستان و ژینگە لە کاتی راوکردنی ماسی بە کەرەستەکانیانەوە دەستگیرکران و رادەستی دادگا کران.

ملازم نێچیرڤان زەکی، بەرپرسی پاراستنی ژینگە لە ناحیەی باتێل بە 964 وت، “ئەو ماسیگرانە بەتەمابوون چەند رۆژێک لەوێ بمێنن، چونکە چادر و خێوەتیان دانابوون، کەرەستە و خۆراکی تەواویان هێنابوو، ژمارەیەکی زۆری عەلەفی ماسیشیان هێنابوو، بەڵام دەستگیرمان کردن و رادەستی دادگامان کردن، رێکاری تەواوی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر”.

وتیشی، با راوچییەکان ئاگاداربن هەندێک کەرەستە هەن لە کاتی قەدەغەنەبوونی راوەماسیش قەدەغەن و رێکاری یاسایی توند بەرامبەر بەکارهێنانی دەگیرێتەبەر، ئەم ماسیگرانەی دەستگیریش کراون، جگە لەوەی لە کاتی قەدەغەی راوەماسی راویان کردووە، کەرەستەی قەدەغەشیان هێنابوو، بۆیە  بە توندی سزادەدرێن.

بەپێی قسەی ملازم نێچیرڤان، ئەو كەرەستانەی بۆ راوی ماسی قەدەغەن، بریتیین لە تەقەمەنی و كەلوپەلی كارەبایی.

قەدەغەكردنی راوەماسی هەموو ساڵێك لە 20.3 تا 20.6 دەستپێدەكات، بۆ ئەوەی ماسییەكان پێبگەن، بەڵام راوچییەكان ناوەستن و بە قاچاغ راو دەكەن، جاروباریش دەكەونە بۆسەی پۆلیس و دەستگیر دەكرێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا