"ئێستا هەموومان بەنزینی 750 دیناریمان بەرناکەوێ"

شۆفێری پاسەکانی سلێمانی داوای سیستمی تاک و جووت دەکەن

رازاو محەمەد – سلێمانی

شۆفێری پاسەکانی ناو بازاڕی سلێمانی داوا دەکەن، دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری بۆ ئەوانیش بکرێتە سیستمی تاک و جووت بۆ ئەوەی هەموویان بەریانکەوێ.

بەختیار عومەر لێپرسراوی هێڵی رزگاری بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ لە وڵووبەوە سەرە گیراوە بۆ بەنزینی 750 دیناری و رەنگە 150 سەیارەیەک بەریان نەکەوێ، هەموو جارێکیش هەروایە و کۆمەڵێک پاس بێ بەنزین دەمێننەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا پاسەکان تەنیا رۆژانی شەممە و سێشەممە بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکومییان پێدەدەرێت، ئەگەر بکرێ بە سیستمی تاک و جووت و هەر رۆژ ناڕۆژێک بەنزین وەربگرن، ئەوا هەموویان بەریان دەکەوێ و کێشەکەیان چارەسەر دەبێت.

لە ئەمڕۆوە، لە سلێمانی و بۆ یەکەمجار، سیستمی تاک و جوت بۆ وەرگرتنی بەنزینی 750 دیناری پەیڕەو دەکرێت، ئەمڕۆ سەرەی ئەو ئۆتۆمبێلانەیە کە رەقەمەکانیان تاکە و سبەی سەرەی رەقەم جووتە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری