دوکان
دوو کەس لەسەر دزینی ماتۆڕی کاسبکارێک دەستگیرکران
وریا فەتاح
دوای ئەوەی ماتۆڕسکیلێکی سێ تاییان لە کاسبکارێک دزی، هێزە ئەمنییەکان دوو تۆمەتباریان لە قەزای دوکان دەستگیرکرد، کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت تاوانی دیکەشیان ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوى پۆلیسی سلێمانی، دوای ئەوەی کاسبکارێک لە دوکان سکاڵای تۆمارکرد کە ماتۆڕسکیلەکەی لێ دزراوە، هێزەکانی نەهێشتنی تاوان دەستیان بە بەدواداچوون کرد. لە رێگەی گەڕانەوە بۆ کامێراکانی چاودێری، توانرا ناسنامەی تۆمەتبارەکان ئاشکرا بکرێت و بە هاوکاریی ئاسایشی دوکان دەستگیر بکرێن.
لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، دەست بەسەر ئەو ماتۆڕسکیلە سێ تاییەشدا گیرا کە تۆمەتبارەکان بۆ ئەنجامدانی تاوانەکەیان بەکاریانهێنابوو.
ئەوەی جێی سەرنج بوو، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە ئەم دوو کەسە پێشتریش چوونەتە سەر دوکانێکی فرۆشتنی کەلوپەل و یەدەگی ماتۆڕسکیل و پارچەیان لێ دزیوە، بەو هۆیەوە خاوەنی دوکانەکەش سکاڵای نوێی لەسەر تۆمارکردن.
هەردوو تۆمەتبارەکە (ی. ص. م) تەمەن 31 ساڵ، و (ج. م. ع) تەمەن 19 ساڵ، ئێستا بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.