وەزیری ژینگەی عێراق
“هەوڵی زۆرمان دا پاڵاوگەكانی هەولێر دابخەین بەڵام پێمان نەكرا”
964+
دیلان محەمەد جەزا
وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، دەستەی ژینگە لە ژینگەی هەرێمی كوردستان و پرسی پاڵاوگە نایاساییەكانی هەولێر بەرپرسە، ئاشكراشی كرد كاتی خۆی زۆر هەوڵیان داوە زۆربەی پاڵاوگەكان دابخەن، بەڵام نەیانتوانیوە.
هەڵۆ مستەفا عەسكەری، وەزیری ژینگەی عێراق ئەمڕۆ لە دیداری سلێمانی بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، سەبارەت بە ژینگەی هەولێر و پرسی پاڵاوگەكان، دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان لێی بەرپرسە.
وتیشی، كاتی خۆی لە 2018 تا 2020 سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێم بووە و زۆر هەوڵیان داوە پاڵاوگەكان دابخەن و ژمارەیەكی كەمیان بهێڵنەوە، بەڵام بۆیان نەكراوە.
ئاماژەی بەوەش دا، بۆ ئەم بابەتە داوا لە ئەوان نەكراوە وەك وەزارەتی ژینگەی عێراق، “ئەگەر داوامان لێبكرێت دێینە سەرخەت، بەڵام داوامان لێنەكراوە”.
سەبارەت بە ژینگەی بەغدا و عێراق بە گشتی، وەزیری ژینگەی عێراق وتی، دوو ملیار دیناریان بۆ پاككردنەوەی ژینگەی عێراق كۆكردووەتەوە لە بانكی ناوەندیی عێراق و سندووقی ژینگەی عێراق، بۆ ئەوەی بتوانن چەندین وێستگەی چاودێریی بكڕن بۆ هەوای بەغدا، ئەگەر پڕۆژەكەش سەركەوتووبێت، ئەوا بۆ سەرجەم شارەكان عێراق جێبەجێی دەكەن.
هەڵۆ مستەفا عەسكەری، ئاشكراشی كرد، عێراق پلانی هەیە تا 2030 بتوانن 12 هەزار مێگا لە وزە نوێبووەكان بەرهەم بهێنێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا