بەم نیوەشەوە هاوڵاتیان خۆیان گەیاندە ناو بەفر

بەفری بەهار شاخی گۆیژەی لە سلێمانی سپیپۆش کرد

دیلان محەمەد – سلێمانی

هاوشێوەی ناوچە شاخاوییەکانی دیکەی کوردستان، لە شاخی گۆیژەی سلێمانیش بەفر دەستی بەبارین کرد و شاخەکەی سپیپۆش کرد.

هەرچەندە 25 رۆژ لە بەهار رۆیشتووە و لە ناوەڕاستی مانگی چوار داین، ئەمشەو لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان بەفر باری و لە سلێمانیش بناری شاخی گۆیژە و ئەزمەڕی سپیپۆش کرد، بەم نیوەشەوە بەشێک لە هاوڵاتیان روویان لە شاخەکە کردووە و خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن.

هەر ئەمشەو لە زینی وەرتێـی سەربە ئیدارەی سۆران بەفرێکی باش باری و بەپێی ئاگادارییەکی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی وەرتێ، بەفر ئاستەنگی هاتوچۆی دروستکردووە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری