"تەسەورم نەدەکرد بتوانم ئاوا رابکەم"
تووشبووانی شێرپەنجە بە ورە و هێزەوە بەشداری ماراسۆنیان کرد
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لە سلێمانی تووشبووانی شێرپەنجە بە ورە و هێزەوە بەشداری ماراسۆنیان کرد و سەلماندیان نەخۆشیش ناتوانێ بەسەر خواست و ئارەزووەکانیاندا زاڵ بێت.
شادان محەمەد پلەی یەکەمی بەدەستهێنا و دەڵێت، “لەو رۆژەوەی نەخۆش بووم نەک هەر رامنەکردبوو، هەرگیز نەهاتبوومە ناو قەرەباڵغییەکی لەم شێوەیە، زۆر هەستێکی خۆش بوو و تەسەورم نەدەکرد ئاوا بتوانم رابکەم”.
شادان باسی نەخۆشییەکی بۆ 964 کرد و دەڵێت، “پلەی سێی تووشبووی شێرپەنجە بووم و درەنگ هەستم پێکرد، بەڵام شێرپەنجە ژیانێکی تری پێ بەخشیم و وەکوو ئەوە وایە تازە لەدایکبوومەوە، چونکە فێری زۆر ئەزموون و تەجروبەی تری کردووم”.
ئەو خاتوونە بەئیرادەیە داوا لە هەموو خانمان دەکات، هەرچی زووە پشکنینی پێشوەختە بکەن و ورەشیان نەڕوخێ ئەگەر رۆژێک لە رۆژان تووشی شێرپەنجە بوون، چونکە ئەو نەخۆشییە هێندە ترسناکە نییە و ئەویش وەک هەموو نەخۆشییەکی دیکە عیلاجی خۆی هەیە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری