هیشتا نزمە

نرخی نەوت نزیک بووتەوە لە 65 دۆلار

964+

توانا نەقی

دواى ئەو دابەزینە خێرایەى لە چەند رۆژى رابردوودا لە نرخى نەوت روویدا، ئەمڕۆ کەمێک بەرزبووەوە و نرخی هەر بەرمیلێک نزیک بووەتەوە لە 65 دۆلار.

ئەمڕۆ دووشەممە 14.4.2024 لەکاتی کردنەوەی بازاڕی جیهانیی نەوت، نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت بە 64 دۆلار و 61 سەنت دیاریکراوە و بەراورد بە ئێوارەی پێرێ رۆژی شەممە، نرخەکەی 0.15% دابەزیووە.

هەروەها یەك بەرمیل نەوتی سووكی تێكساس بە 61 دۆلار و 36 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخەکەی 0.14% دابەزیوە.

لە ماوەى یەک هەفتەدا نرخى نەوت بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە، بەشێوەیەک هەر بەرمیلێک سەروو 15 دۆلارى لێبووەتەوە.

دواى ئەوەى هەفتەى رابردوو ترەمپ بڕیاریدا باجى گومرگى بەسەر ژمارەیەک وڵاتدا بسەپێنێت، شڵەژانى ئابوورى و بازرگانى دروستکرد و دواتر چین وەڵامى دایەوە و بڕیاریدا ئەویش باجى گومرگى بەسەر کاڵاى ئەمەریکیدا بسەپێنێت، ئەمە هۆکارى سەرەکى دابەزینى نرخى نەوت بوو.

لەگەڵ ئەوەشدا زیادکردنى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن هەشت وڵاتى ئەندامى ئۆپیک هۆکارێکى دیکەى دابەزینى خێراى نرخى نەوت.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەى لە دابەزینى نرخى نەوت توشى زیانێکى زۆر دەبێت، چونکە 95%ـى داهاتەکەى پشت بە هەناردەى نەوت دەبەستێت.