خەڵک شڵەژان

دەنگی تەقینەوەکەی سلێمانی چی بوو؟

+964

دیلان محەمەد جەزا

دەنگە گەورە شاخی ئەزمەڕ تەقاندنەوەی مین بووە دوای کۆکردنەوەی لەلایەن تیمی دەزگای مینی سلێمانییەوە، بەڵام هاوڵاتیان ترساون و زانیارییان نەبووە چی بووە.

، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای مینی سلێمانی موحسین شێخ عەبدولکەریم، بە 964 وت، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەک مینیان لە یەکێک لە کێڵگەکانی شاخی ئەزمەڕ تەقاندووەتەوە دوای هەڵگرتنەوەیان.

باسی لەوەش کرد، هەڵمەتی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی لە شاخی ئەزمەڕ بەردەوامی هەیە و هەنگاو بە هەنگاو شاخەکەی لێ پاکدەکرێتەوە.

دەنگی تەقینەوەکە گەورە بووە و چەند هاوڵاتییەكی دەوربەری ئەو شوێنە پەیوەندییان بە پەیامنێری 964 كردووە و وایانزانیوە هێرشی درۆن و مووشەك بووە.

هەرچەندە بەپێی زانیارییەكانی 964، دەزگای مینی سلێمانی دانیشتووانی پڕۆژەی بەرزاییەكانی قەیوانیان ئاگادار كردبووەوە كە كاری تەقینەوەی مین دەكەن، بەڵام دانیشتووانی دەوروبەری بناری ئەزمڕ و گەڕەكی ئیبراهیم ئەحمەدیان ئاگادار نەكردبووەوە.

دوێنێ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش بە هەمان شێوە مین تەقێندرایەوە، بەڵام رۆژێك زووتر خەڵكی ناوچەكەیان ئاگادار كردەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ژمارەیەک مین و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ لەناوبران

ژمارەیەک مین و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگ لەناوبران