پارێزەر ئازاد دۆسکی
لە بەغدا
یەكەم دانیشتنی سكاڵای پارێزەرێكی كورد دژ بە دادگای فیدڕاڵی عێراق بەڕێوەچوو
محەمەد فاتیح
ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەڕێوەچوو، كە پارێزەرێكی كوردی خەڵكی هەرێم سكاڵاكەی جوڵاندووە و داوای كردووە پشكی بودجەی هەرێم پارێزراوبێت.
ئازاد دۆسكی، پارێزەر و راوێژكاری دەستووری، ئەم بابەتەی بۆ 964 ئاشكرا كرد و دەڵێت، سكاڵای لەسەر دادگای فیدڕاڵی تۆمار كردووە سەبارەت بە دابیننەكردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان و ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی سكاڵاكە لە هەمان دادگا لە بەغدا بەڕێوەچوو.
بەپێی دەستووری عێراق، مافی هەموو هاوڵاتیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە یەكسانە و دەبێت پارێزراوبێت، بەپێی مادەی 89ی دەستوور پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی پارێزەری ماڵ و موڵكی گشتیی بن و سیستمی دیموكراتی بپارێزن، ئازاد دۆسكی واى وت.
دەشڵێت، دەبێت له بری نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان، پشكی هەرێم دیاریی بكرێت و هەژماری بانكی لە بانكی ناوەندی عێراق لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ هەرێم بكرێتەوە، هەروەها بەپێی مادەی 121ى دەستووری عێراق، پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق جێگیركراوە و دەسەڵاتدارانی عێراق و دادگای فیدڕاڵی بەرپرسیارن لە دابینكردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان.
بەهۆی دابیننەكردنی پشكی بودجەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵییەوە، فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كێشەیان بۆ دروست بووە و هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق موچەكانیان پارێزراو نییە و مانگانە لە كاتی خۆیدا وەری ناگرن.