بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە بۆ ماوەی هەشت رۆژ داخرابوو

سبەینێ مەرزی کێلێ دەکرێتەوە

964+

مەجید بتوێنی – راپەڕین

بەهۆی بارینی دوو مەتر و نیو بەفر لەدەروازەی سنووری کێلێ لە دەڤەری راپەڕین، هەشت رۆژە هاتوچۆی بازرگانی لەو دەروازە  سنووریە پەکی کەوتووە، بڕیارە سبەینێ 12.2.2023 هاتووچۆ تێیدا ئاسایی بکرێتەوە.

جەوهەر رەسوڵ، بەڕێوەبەری گومرکی راپەڕین بە تۆڕی964ی راگەیاند، بەهۆی زۆری بەفربارین لەسەنتەری دەروازەی سنووری کێلێ، رێگاکەی ماوەی پێنج رۆژ لەسەر یەک داخرا و دوای بەفر بارینەکە تیمەکانیان توانیان رێگاکە پاکبکەنەوە.

وتیشی “هەشت رۆژە هاتوچۆ بەتەواوی وەستاوە و هیچ بارهەڵگرێک لێرەوە داخڵی ئێران نەبووە و هیچ بارهەڵگرێکیش نەهاتووە، چونکە دوو مەتر و نیو بەفرباریوە”.

ئاماژەشی بەوەکرد، هیچ بارهەڵگرێک لەناو بەفر گیری نەخواردوە چونکە بۆ سەلامەتی گیانی شۆفێران رێگەیان بەهیچ بارهەڵگرێک نەداوە بەڕێگاکەدا بڕوات، ئێستا رێگاکە لەهەردوو دیوی ئێران و هەرێمی کوردستان بەتەواوی پاککراوەتەوە و شۆفێران دەتوانن رێگاکە بەکاربێنن.

دەروازەی سنووری کێلێ، دەروازەیەکی فەرمییە لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئیران، تەنیا بڕیاری بەغدای ماوە بۆ بەنێودەوڵەتی ناساندنی و سەرجەم رێکارە کارگێڕی و هونەرییەکانی تەواو بووە.

دەروازەکە 25 کیلۆمەتر لەڕۆژهەڵاتی شاری قەڵادزێ ناوەندی قەزای پشدەرەوە دوورە و رۆژانە لایەنیکەم 150 بارهەڵگر هاتوچۆی تێدا دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی