"دەستکاری گولـلە تۆپیان کردووە"

راستکردنەوە و وردەکاری زیاتر دەرباری ئەو سێ کەسەی لە برادۆست بریندار بوون

ئاکام غەفور – سۆران

کەمێک لەمەوبەر جابر وەسمان برادۆستی بەرپرسی راگەیاندنی رێکخراوی ژینگەیی مێرگەمیر بە 964ـی وت، لە دەڤەری برادۆست مین بە ژنێک و منداڵێک و گەنجێکدا تەقیوەتەوە و هەر سێ کەسەکە برینداربوون، بەڵام بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای مینی هەولێر دەڵێت، ئەو سێ کەسە دەستکاری گولـلە تۆپیان کردووە و پێیاندا تەقیوەتەوە.

سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی سیدەکان، بە 964ـی وت،”سێ بریندار گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی تەقەمەنی بریندار بوونە، بەهۆی سەختی برینەکەیان رەوانەی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران دەکرێن”.

وتیشی، ئەو سێ كەسە ئەندامی یەك خێزان نین، منداڵەكە منداڵی ژنەكەیە، بەڵام گەنجەكە كەسوكاری ئەوان نییە و ئەویش هەر لەوێبووە.

لای خۆیەوە رابەر ئەنوەر، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای مینی هەولێر بە 964ـی وت، “گەنجێک و ژنێک و منداڵێک بریندارن کە لە کوێستانەکانی دەشتی هێڕت، دەستکاری گولـلە تۆپێکیان کردووە و گولـلە تۆپەکە پێیاندا تەقیوەتەوە.

وتیشی، گەنجەکە تەمەنی 30 ساڵە و ژنەکەش تەمەنی 40 ساڵە و منداڵەکەشی 13 ساڵە.

لە وەرزی بەهاری ئەمساڵ ئەمە هەشتەم حاڵەتە کە بوونەتە بەرکەوتەی مین و تەقەمەنی لە سنوری ئیدارەی سۆران کە سەرجەمیان بۆ کۆکردنەوەی گژوگیای بەهارە روویان لە شاخەکان کردووە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری