لەئێستاوە هۆشدارى دەدرێت
قەڵادزێ لە هاویندا تینوى دەبێت
964+
وریا فەتاح
“71 ساڵە بەنداوى دوکان دروستکردوە، لەوکاتەوە تائێستا هیچ ساڵێک هێندى ئەمساڵ بارانبارین لە سنوورى پشدەر کەمی نەکردووە، بۆیە بۆ ئەم هاوینە 90 هەزار کەس لە شارى قەڵادزێ مەترسى کەمئاویان لەسەرە”، ئەمە قسەى قائیمقامى پشدەرە کە بۆ 964 کردوویەتى و لەسەرەتاى ئەمساڵ بە راپۆرتێکى تێروتەسەل سەرووى خۆى لەو مەترسییە ئاگادار کردووەتەوە.
بەنداوى دوکان لە ساڵى 1954 دروستکراوە، لەزێى بچوک و چەم و رووبارەکانى سنوورى پشدەرەوە ئاو گل دەداتەوە، بەڵام وشکبوون و کەمى ئاوى زۆرینەى رووبارەکانى سنوورى پشدەر، ئاستى ئاوى دوکانى بەشێوەیەکى مەترسیدار دابەزاندووە.
ئێستا ئاوى گلدراوەى بەنداوى دوکان، تەنیا سەرووى یەک ملیار و شتێکە و نەگەیشتووە بە دوو ملیار مەترسێجا، لە کاتێکدا بەنداوەکە حەوت ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرێت و لەسەرووى ئەوەوە بەنداوەکە سەڕێژ دەبێت و ئاو لە بێڵماسەکەوە دەردەچێت.
قائیمقامى قەزاى پشدەر:
لە هاویندا 90 هەزار کەس لە قەڵادزێ مەترسى کەمى ئاوى خواردنەوەیان لەسەر دەبێت
مەترسییەکانى سەر قەڵادزێ چین لە هاویندا؟
بەکر بایز، قائیمقامى قەزاى پشدەر بەم شێوەیە وەڵامى ئەو پرسیارەى دایەوە،” ئەوەى جێگەى نیگەرانییە ساڵێکى هەرە وشکە، پێمانوایە لەدواى دروستبوونى بەنداوى دوکانەوە یەکەمجارە ساڵێک بەم شێوەیە وشک بێت، چونکە ساڵانە لە سنوورى پشدەر 700 ملیمەتر و سەرووتر دەبارێت، بەڵام ئەمساڵ تەنیا 270 ملیمەتر باریوە”.
وەک باسى دەکات، بۆ ئەمساڵ بەهەموو پێوەرەکان ساڵێکى وشکە و سێ مەترسى دروست دەکات، مەترسییەک لەسەر ئاستى مرۆیى و مەترسییەک و مەترسییەک لەسەر ئاستى کشتوکاڵى و ئەوەى تریش لەسەر ئاستى بەخێوکردنى مەڕوماڵات.
قائیمقامى پشدەر بەم شێوەیە هەرسێ مەترسییەکەى بۆ 964 روونکردەوە.
یەکەم: لەسەر ئاستى مرۆیى
بەهۆى ئەوەى بەشێک لە کانى و کارێز و رووبارەکان وشک دەبن و مەترسى لەسەر وشکبوونى زێى بچوک هەیە کە ئاوى پڕۆژەى خاس دابین دەکات و پڕۆژەکەش 95%ـى ئاوى قەڵادزێ دابین دەکات، بۆیە مەترسى جدى لەسەر پڕۆژەى ئاوى خاس هەیە کە وشکى بکات و چاوەڕوان دەکرێت بەوهۆیەوە مەترسى کەمئاویى و بێئاویى لەسەر 90 هەزار کەس لە دانیشتوانى قەڵادزێ، دروست ببێت.
لەسەر ئاستى کشتوکاڵى
بەهۆى کەمبارانى، کشتوکاڵى سنوورەکە زیانى پێگەشتووە بەتایبەت گەنم و جۆ، هەرچەندە بەرهەمى سنوورى پشدەر لە شوێنەکانى تر باشترە، بەڵام بەروبوومى زستانە بەرهەمى کەم دەبێت، بەرووبوومى هاوینەش بەهۆى وشکبوونى چەم و کانى و رووبارەکان، مەترسى گەورەى کەم بەرهەمیان لەسەرە و دەبێتە مەترسى جدى بۆسەر جوتیاران.
لەسەر ئاستى ئاژەڵدارى
جوتیارانى سنوورى پشدەر، لەم هاوینەدا لەبەردەم مەترسى جدین، چونکە بەهۆى وشکبوونى کارێز و رووبارەکان و کەمى باران، توشى گرفت دەبن بۆ ئاودانى ئاژەڵەکانیان و لە کۆکردنەوەى کا و ئالیک و خۆراکى ئاژەڵیش توشى گرفتى گەورە دەبن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەشێکى زۆریان واز لە ئاژەڵدارى بهێنن.
ئەو مەترسیانەى لەسەر سنوورى پشدەر و شارى قەڵادزێن، قائیمقامى قەڵادزێ بەراپۆرتێک بۆ حکومەت بەرزى کردووەتەوە، وەک ئەوەى بەکر بایز باسى دەکات، نازانێت حکومەت چى دەکات و وڵامیان چى دەبێت، بەڵام وەک دەڵێت، لە سەرەتاى ساڵەوە ئەرکى خۆیانیان بەجێهێناوە و بە راپۆرتێکى تێروتەسەل مەترسییەکەیان خستووەتەڕوو.
هەرچەندە سنوورى پشدەر ناوچەیەکى کوێستانییە و رێژەى باران و سەوزایى زۆرە، بەڵام بەهۆى ئەوەى جوتیاران و ئاژەڵداران بۆ بەرهەمەکانیان پشتیان بە سەرچاوە سروشتییەکان بەستووە، بۆیە لە ئەگەر دروستبوونى مەترسییەکان لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان و ئاوەکان، بەرهەمەکانیان و ئاژەڵەکانیان مەترسى دەکەوێتەسەر، چونکە کەمترین پڕۆژە و چارەسەرى جێگیرەوەیان هەیە بۆ ئەو حاڵوەتە.
پشدەر، دەکەوێتە ئەوپەڕى باکورى خۆرهەڵاتى هەرێمى کوردستان، سەر بە ئیدارەى راپەڕینە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى، قەڵادزێ ناوەندى قەزاى پشدەر و لە هەریەک لە ناحیەکانى (ژاراوە، سەنگەسەر، هێرۆ، هەڵشۆ، ئیسێوە)، پێکدێت. نزیکەى 400 گوند لە سنوورەکە بوونى هەیە و بەزۆرى دانیشتوانى گوندەکان بە کارى ئاژەڵدارى و کشتوکاڵى سەرقاڵن.