توێژینەوەی بۆکراوە و بەشێکیان لە خانەقین و کەلارەوە هاتوون

لافاو و زیادبوونی ئاو 23 جۆر ماسی لە دەریاچەی حەمرین زیاد کردووە

فەرهاد حەسەن

بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاچەی حەمرین بۆ ئاستێکی پێوانەیی کە ساڵانێک بوو نەبینرابوو، چەند جۆرێکی نوێی ماسی لە ئاوەکەدا دەرکەوتوون، کە ئەمەش لەخۆرا نەبووە، بەڵکو ئەنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانییە کە ماوەی نۆ مانگی خایاندووە، دەریخستووە کە 23 جۆری جیاوازی ماسی لە دەریاچەکەدا زیادبوونە.

ئەحمەد موهەند، راوچییەکی ناوچەکەیە و هاوکاری توێژەرانی زانکۆی بەغدای کردووە بۆ ئەو توێژینەوەیەی کە لەسەر ماسییەکانی ناو ئەو دەریاچەیە کراوە، دەڵێت “بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، ماسییەکانی وەک گەتان، شەببووت، کارێبی و سەمتی، لەناو دەریاچەکە زیادیان کردووە”.

باس لەوەشدەکات کە جۆرەکانی ماسی وەکو سلفەر، کڕاس و جۆرە ماسییەکی رەنگاوڕەنگی نارنجی و زەرد کە لە حەوزە ماسیەکانی خانەقین و کەلارەوە بوون، بەهۆی لافاوەوە گەیشتوونەتە ناو دەریاچەی حەمرین.

خاوەنی توێژینەوەکە، ناوی مستەفا مەحمودە، خاوەن بڕوانامەی ماجستێرە لە سامانی ئاژەڵ، ئەو دەڵێت، بۆ ماوەی نۆ مانگ بە بەکارهێنانی چەندین جۆر تۆڕ و قەفەس پشکنینیان بۆ دەریاچەکە کردووە و لە ئەنجامدا توانیویەتی 23 جۆر ماسی نوێ لەو دەریاچەیە تۆمار بکات.

توێژەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە ماسی “جەری” کە (سەگماسی) پێدەڵێن، بە قەبارەی گەورە لە ناوچە قووڵەکانی نزیک دەریاچەکە تۆماری کردووە، کە درێژییەکەی دەگاتە یەک مەتر.

سەبارەت بە ماسی “سەلمۆن”یش دەڵێت، کە لە رووی زانستییەوە سەلمۆنی راستەقینە لە دەریاچەکەدا نییە، بەڵکو ئەوەی دەبینرێت جۆرە ماسییەکی زیوییە کە خەڵک لێیان تێکچووە.