"قەرەبوو دەکرێنەوە"
تەرزەکەی سۆران نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی تەرزەکوت کرد
+964
ئاکام غەفور – سۆران
لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون لە سۆران، کە تەرزە زیانی پێگەیاندوون.
لە دوای تەرزە بەهێزەکەی ئیدارەی سۆران، بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ ماوەی هەفتەیەک لە رێگای لیژنەیەکەوە زەرەر و زیانەکانی تەرزەکەی تۆمار کرد و تاکو ئێستا نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێل تۆمار کراون، رۆژی یەکشەمەش ئەوانە تۆمار دەکرێن کە دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی سۆرانن.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بە 964ـی وت، “لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا نزیکەی دوو هەزار ئۆتۆمبێلی ئیدارەی سۆران لای ئەوان تۆمار کراون کە تەرزەکوت بوونە و جامیان شکاوە”.
وەک هاودیانی باسی دەکات، هەرچەندە ئەوەی تۆمار کراوە تەواوی ئەو ئۆتۆمبێلانە نیە کە زیانیان پێگەیشتوە، ژمارەکە لەوە زیاترە، بەڵام ئەمرۆ پێنجشەممە کۆتا رۆژ بووە بۆ ئەوانەی دانیشتووی سۆرانن و زیانیان پێگەیشتوە.
دەشڵێت، “رۆژی یەکشەمەی هەفتەی داهاتوو تەنیا ئەو ئۆتۆمبێلانە تۆمار دەکرێن، کە خاوەنەکانیان دانیشتووی دەرەوەی ئیدارەی سۆرانن و تەرزەکەی سۆران زیانی پێگەیاندوە”.
نیوەڕۆی رۆژی شەممە 5.4.2025 تەرزەیەکی بەهێزی دەنک گەورە، تەواوی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتەوە، بەهۆیەوە چەند هاوڵاتییەک سەریان شکا و چەندین ئۆتۆمبێلیش جامی سەیارەکانیان شکا و تەرزەکوت بوون، بەرهەمە کشتوکاڵییەكانیش بەدەر نەبوون لە زیانەکانی ئەو تەرزەیە.
پێداچوونەوە: هاوبەش