دوای نۆ ساڵ چاوی جووتسایدی خەبات کرایەوە

964+
سەعید محەمەد – خەبات

لە ساڵی 2014 دەستکرا بە دروستکردنی جووتسایدی سەرەکی قەزای خەبات، تا ئێستا هیچ ئینارە و رووناککەرەوەی بۆ دانەنرابوو، بەڵام ئەم ئێوارەیە گڵۆپەکانی کەوتە ئیش و چیتر شۆفێران بە تاریکی لێناخوڕن.

کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە تۆڕی 964ی وت، دوای بەرزکردنەوەی داواکاری بۆ وەزارەتی کارەبا بەمەبەستی دانانی ئینارە لە رێگەی سەرەکی خەبات و دواتر جێبەجێکردنی داواکارییەکە، ئینارەکانی رێگەکە داگیرسێنران و پڕۆژەکە کرایەوە.

لای خۆیەوە، ئەردەڵان کاوێز، بەڕێوەبەری کارەبای خەبات بۆ 964ی باسکرد، ئینارەکانی شەقامی سەرەکی خەبات، بەگوژەمەی 265 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی داهاتی کارەبا جێبەجێکراوە، کە بریتیە لە 92 ستوونی کارەبا و گڵۆپ و پێداویستییەکانی دیکە.

ئەوەشی باسکرد، کە پلانیان هەیە رووناکی زیاتر دابنێن لە قۆناغی دووەم لە خەبات تاوەکو کۆتا سنوری شارەوانی کە “سەرپردی نوێ”یە.

پێداچوونەوە: هێمن بەکر