دەستی وتەبێژەکان واڵا بکەن

نوێنەری 964 لە مێزەگردەکەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری بوو

وریا فەتاح

دوێنێ دووشەممە 16.11.2026 فەرمانگەی میدیا و زانیاری بە ئامادەبوونی د. جوتیار عادل و نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن، مێزگردێکی تایبەتی لەبارەی بەردەستخستنی داتا و ئامارە حکومییەکان و هەماهەنگیی میدیایی ساز کرد.

وریا فەتاح وەک نوێنەری تۆڕی 964 لە مێزگردەکەدا ئامادە بوو، داوای کرد داتا و بودجەی پڕۆژەکان قۆناغ بە قۆناغ و لە رێگەی وێبسایتەوە بڵاوبکرێنەوە، بڕیار و رێنماییەکانیش بە زمانێکی سادە بگەیەنرێنە خەڵک تا بە ئاسانی لێی تێبگەن و رێگری لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ساختە بکرێت.

نوێنەری 964 رەخنەی لە “عەقڵیەتی شاراوەیی” هەندێک بەرپرس گرت کە فەرمانگەکان وەک موڵکی تایبەت دەبینن و وتی، “پێویستە پۆلێنێکی روون و دوور لە میزاج بۆ زانیارییە نهێنییەکان هەبێت و چیتر وشەی قەدەغە بەبێ بەدیل بەکارنەهێنرێت.”

لە کۆتایی سەرنجەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە کە نابێت زانیاری مۆنۆپۆڵ بکرێت و دەبێت بە یەک مەسافە مامەڵە لەگەڵ هەموو میدیاکان بکرێت، هەروەها داوای کرد وەزیرەکان دەستی وتەبێژەکان واڵا بکەن و رێگە بدەن زانیارییەکان لە سەرچاوەی خۆیانەوە بدرێنە میدیاکاران.