راستییە زانستییەکان لەبارەی تەندروستی ددان و باوەڕە هەڵەکان

ژووری هەواڵ

د. جوان دزەیی، پزیشکی ددان، کۆمەڵێک راستی و زانیاری گرنگی لەبارەی تەندروستی دەم و ددان، باوەڕە هەڵە باوەکان و چۆنیەتی چاودێریکردنی ددانەکان لەبەرنامەی دودوکتۆر خستەڕوو، لەوانەش دیاردەی “هۆلیود سمایڵ” و شێوازی دروستی پاککردنەوەی ددان.
پزیشک ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین تێڕوانینی هەڵە لە کۆمەڵگەدا بوونیان هەیە، لەوانە ئەو بیرۆکەیەی کە دەڵێن، پزیشکی ددان هەر ددان کێشانە و بۆچی پێنج ساڵ تێیدا بخوێنن، جەختیشی لەوە کردەوە کە ددانی ئەقڵ هیچ پەیوەندییەکی بە کامڵبوونی عەقڵەوە نییە.
هەروەها سەبارەت بە سپیکردنەوەی ددان جەختیکردەوە کە هیچ ماددەیەک نییە ددان بە رادەیەکی زۆر و ناپێویست سپی بکاتەوە و ئەوەی دەکرێت زیانبەخشە.
د. جوان باسی لەوە کرد کە ئێستا “هۆلیود سمایڵ” بووەتە ترێندێکی باو لە کوردستان و جیهان و زیاتر رووی لە بازرگانی کردووە، بەڵام دیاریکردنی ئەوەی تا چەند خراپە یان باشە پێویستی بە هەڵسەنگاندنی زانستی هەیە، و ئاماژەی بەوەشدا کە جوانی و ناشرینی ددان بێگومان دەوری هەیە لە متمانەبەخۆبوونی کەسەکەدا.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا، پزیشکەکە ئاماژەی بەوەدا کە ناوبانگی پزیشک پەیوەندی بە کچە مۆدێلەکانەوە نییە، و شانازی بەوە دەکات کە لە کارەکەیدا هەمیشە هەوڵیداوە باشترین خزمەت پێشکەش بکات و وەک خۆی دەڵێت: “رۆژێک لە ڕۆژان کێشەم لەگەڵ هیچ نەخۆشێکم نەبووە.”