وەرگرتنی 70 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە
گەورەترین وێستگەی پاکكردنەوەی ئاو لە دهۆکە
964+
توانا نەقی
گەورەترین وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لە هەرێمی کوردستان لە دهۆک دروستکراوە، وێستگەکە جگە لە چەندان سوود کاریگەری لەسەر زیادبوونی ئاوی ژێر زەویش دەبێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، وێستگەکە لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروستکراوە و توانای وەرگرتنی 70 هەزار مەترسێجا ئاوی هەیە و بەسروشتی و بەبێ هیچ ئامێرێک کاردەکات.
ئەشواق زەنون، بەڕێوەبەری وێستگەی چارەسەرکردنی ئاوی قورس لەدهۆک بەماڵپەڕی حکومەتی وتووە، وێستگەکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژەکانی حکومەت کە سودێکی زۆریشی بۆ ئاوی ژێر زەوی هەیە.
دەشڵێت: بەرهەمی مانگانەی پاکردنەوەی ئاو لە وێستگەکە 300 مەترسێجا ئاوە، ئەمە جگە لەوەی رۆژانە 30 بۆ 40 تانکەر ئاوی قورسی ناوچە جیاجیاکانی سنووری پارێزگای دهۆک دێت بۆ وێستگەکە، پاشان بەکۆمەڵێک قۆناغی جیاواز و بەشێوەیەکی زانستی چارەسەری دەکەن.
پڕۆژەکە لەساڵی 2019 دروستکراوە، گوژمەی دروستکردنەکەی یەک ملیۆن دۆلارە و ئاو پاککرەوەکە سوودی بۆ کشتوکاڵ و ئاژەڵداری دەبێت و هۆکارێکیشە بۆ زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی.