لۆگۆی دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێم.
ئەمڕۆ رۆژی هۆشیارکردنەوە لە مین و پشتگیریکردنى کاروبارى مینە
زیاتر لە 13 هەزار و 592 هاوڵاتی لە هەرێم بوونەتە قوربانی مين
محەمەد فاتیح
رووبەری زیاتر لە 250 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە لە مین پاك بکرێتەوە و تاكو ئێستا 13 هەزار و 592 هاوڵاتی لە هەرێم بوونەتە قوربانی مين و پاشماوەكانی جەنگ.
4ـی نیسان بە رۆژی کاروباری مین دەناسرێت و دەزگای گشتی کاروباری مین لە هەرێمی كوردستان، بە ئەنجامدانی ژمارەیەک چالاکی جۆراوجۆر یادی ئەم رۆژە دەکاتەوە.
دەزگای گشتی کاروباری مین لە بەیاننامەیەكدا بە بۆنەى رۆژى جیهانى هۆشیارکردنەوە لە مین رایگەیاند لە رۆژی 8ی كانوونی یەكەمی ساڵی 2005 كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بریاڕیدا رۆژی 4ـی نیسان بكاتە رۆژێكی جیهانی بۆ هۆشیاركردنەوە لە مین و پشتگیریكردنی كاروباری مین.
رونیشیكردەوە، دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان بەو توانایە مرۆیی و تەکنیکیەی هەیەتی جەخت لەسەر بەدیهێنانی ئامانجی کارکردنی کوردستانێکی پاک لە مین و تەقەمەنی دەکاتەوە و لەم بۆنەیەدا دەزگای مین بۆ جارێکی دیکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەموو ولاتانی کۆمەكبەخش و نوێنەرایەتی و کونسوڵخانەکان ئاگاداردەکاتەوە، کە لە ئاکامی ئەو شەڕو ناکۆکییانەی کە لە هەرێمی کوردستان روویانداوە، ئێستا رووبەری زیاتر لە 250 كیلۆمەتری چوارگۆشە لە خاكی هەرێمی كوردستان ماوە پاك بکرێتەوە، ئەمەش پێویستی بە کۆمەکێکی دارایی و لۆجستی زۆر هەیە کە لە ئێستادا بە تەنیا بە حکومەتی هەرێم دابین ناکرێت.
وتيشى، دەزگاى گشتى کاروبارى مین وەک ئەرکى خۆى سەرەڕاى قەیرانى دارایى بەردەوامبووە لە کارو چالاکییەکانى بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان و کەمکردنەوەى مەترسییەکانى مین و تەقەمەنى بە رادەستکردنەوەى کێلگەکان بە خاوەنەکانیان و بەکارهێنانیان بۆ کشتوکاڵ و پڕۆژەى خزمەتگوزارى بوژاندنەوەى ژێرخانى ئابوورى، هەروەها لە رێگەى تیمەکانى هۆشیارکردنەوەوە توانیویەتى بە شێوازی سەردانی راستەخۆ و کەناڵەکانی راگەیاندن و مینبەرەکانی سۆشیال میدیا سەدان هەزار هاوڵاتى لە مەترسییەکانی مین و تەقەمەنى هۆشیاربکاتەوە.
بە پێی ئەو داتایەی لەبەردەستدایە تاوەكو ئێستا 13 هەزار و 592 هاوڵاتی لە هەرێمی كوردستان بوونەتە قوربانی، لەو روانگەیەوە دەزگای مین جەخت لەسەر گرنگی هۆشیارکردنەوە و پابەندبوونی هاوڵاتیان بە پەیام و رێنمایيەکانی هۆشیارکردنەوە دەکاتەوە و ئاگاداری هاوڵاتیان دەکات بۆ ئەوەی سەلامەت بن و نەبنە قوربانی.
باسی لەوەشکردووە، لەم بۆنەیەدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەن بۆ هاوکاریکردنی بەرنامەی مینی هەرێمی کوردستان و داوا لە حکومەتى هەرێمیش دەکەن، کە بەردەوام پشتگیرى بەرنامەی مین بکات تاکو وەک دەزگای مین بتوانن بە باشترین شێواز لەو ئەرکە بەردەوام بن.