حاجییەکی خەڵکی کفری

لە حەج گەڕایەوە و بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا

میلاد جەلال – کەلار

مەرگ مەودای نەدا؛ حاجییەکی کفری پێش ئەوەی تامەزرۆی کەسوکاری بشکێنێت گیانی لەدەستدا.

ئاراس کەریم بەڕێوەبەری فەرمانگەی هاتوچۆی کفری بە 964ـی وت، “رۆژی 10ـی ئەم مانگە کاتێک هاوڵاتی (حاجی قادر کەریم) بە مەبەستی سەردانیکردن لە کفرییەوە بەرەو شارۆچکەی کەلار بەڕێکەوتووە، لەنێوان رێگاکەدا ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و بەو هۆیەوە بەسەختی بریندار بووە”.

بەهۆی تێکچوون و ناجێگیریی دۆخی تەندروستییەوە، حاجی قادر رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی کرابوو، بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا.

حاجی قادر تەمەنی 64 ساڵە و پێش ئەوەی تووشی ئەم رووداوە ناخۆشە ببێت، تەنیا یەک رۆژ بوو لە جێبەجێکردنی فەریزەی حەج گەڕابووەوە.

لە ئێستادا تەرمەکەی بەرێگاوەیە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێتەوە بۆ قەزای کفری و لە زێدی خۆی بەخاک دەسپێردرێت.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح