531 تۆڕیش دەستیان بەسەرداگیراوە

لە وەرزی قەدەغەی راوەماسی 65 راوچی لە سلێمانی دەستگیرکراون

هەژان هادی

پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماری سێ مانگی رابردووی وەرزی قەدەغەی راوەماسی بڵاوکردەوە و ئاشکرایکرد، لەو ماوەیەدا 65 سەرپێچیکار دەستگیرکراون و 531 تۆڕیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

وەک پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ئاماژەی پێداوە، ئەمساڵ وەرزی قەدەغەی راو لە 15.03.2026 دەستیپێکرد و ئەمڕۆ 15.06.2026 کۆتایی هات، لەو ماوەیەشدا 65 کەس کە سەرپێچی بڕیارەکەیان کردووە، دەستگیرکراون و 531 تۆڕیش دەستیان بەسەرداگیراوە.

جگە لەو ئامارانە، پۆلیسی سلێمانی رایگەیاندووە، لەو ماوەیەدا سەدان ماسی زیندوو کە لەلایەن راوچییەکانەوە راوکرابوون، گەڕێندراونەتەوە بۆ ناو دەریاچە و رووبارەکان.

لە ئامارەکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی هاتووە، لەو سێ مانگەدا سێ بەلەمی ئاسن، چوار بەلەمی چووپ و نۆ ئۆتۆمبێلیش دەستیان بەسەرداگیراوە.