زیانێکى زۆرى بەرکەوت

ناوەندى فەرهەنگ و ئەرشیفى دیبەگە سووتێنرا

+964

وریا فەتاح

بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە کاتى بانگى بەیانى، ناوەندى فەرهەنگ و ئەرشیفى دیبەگە ئاگرى گرت، سەرپەرشتیارى ناوەندەکەش دەڵێت،”بەدەست سوتێنراوە”.

عەدنان حاجى کاکە، سەرپەرشتیارى ناوەندى فەرهەنگ و ئەرشیفى دیبەگە بە 964ـى وت،”پێش بانگى بەیانى یان دواى بانگ، پەنجەرەى ناوەندەکە شکێنراوە و ئاگر خراوەتە ژوورەوە، بەهۆیەوە سووتاوە”.

وەک باسى دەکات، ناوەندەکە خانوویەکە و لەچەند ژوورێک پێکهاتووە، بەشى گەلەرى و ئەنتیکەخانە و کتێبخانە لەخۆى دەگرێت.
هەرچەندە ناوەندەکە حکومى نییە و لەلاەین عەدنان حاجى کاکە سەرپەرشتى دەکرێت، بەڵام مۆڵەتى وەزارەتى رۆشنبیرى هەیە و ناوەندێکە بۆ ئەرشیفى دیبەگە و دەورووبەرى.

روونیشى کردەوە، ئەوان لە بۆشاى نەبوونى هیچ ناوەندێکى رۆشنبیرى زەوى خۆیان و خانوویەکى لەقوڕ دروستکراوى خۆیان بۆ ناوەندەکە ئامادە کردووە و مۆرکى هیچ حزب و عەشرەت و کەسایەتییەکى پێوە نییە و تەنیا بۆ خزمەتى دیبەگە و خەڵکەکەیەتى.

964 لێى پرسى چۆن دەزانن سوتێنراوە؟، عەدنان حاجى کاکە بەم شێوەیە وەڵامى دایەوە،”بەرگرى شارستانى و تیمى کارەبا دڵنیاییان پێداون کە بە دەست سوتێنراوە، کارەباکەى کێشەى نەبووە و پەنجەرەکەى شکێنراوە و ئاگر خراوەتە ژوورەوە”.

هەروەک ئاشکراى کرد، بەرگرى شارستانى زیانەکانى بە شەش ملیۆن دینار خەمڵاندووە.