باڵەخانەى وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا
مەترسى هەیە
ئەمەریکا بۆ هاوڵاتییەکانى: سوریا جێبهێڵن
964+
وریا فەتاح
وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا، هاوڵاتیانى وڵاتەکەى ئاگادار دەکاتەوە بەپەلە سوریا جێبهێڵن.
وەزارەتەکە لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لە پشووى جەژن ئەگەرى هێرش هەیە بۆسەر باڵیۆزخانەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوە گشتییەکانى سوریا لە دیمەشق.
روونیشى کردووەتەوە، جۆرى هێرشەکان دەکرێت هێرشى تاکەکەسى و چەکداریى یان بەکارهێنانى تەقینەوە بێت.
راوێژکارە گەشتیارییەکانى وەزارەتەکە هۆشداریانداوە لەوەى نابێت هاوڵاتیانى ئەمەریکى گەشتى سوریا بکەن، چونکە مەترسى (تیرۆر، نائارامى مەدەنى، رفاندن، بارمتەگرتن، شەڕى چەکداریى)، لە ئارادایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە دیمەشق لە ساڵی 2012ـەوە چالاکییەکانی راگرتووە و حکومەتی ئەمریکا ناتوانێت هیچ خزمەتگوزارییەکی کونسوڵگەریی فریاگوزاری، پێشکەش بە هاوڵاتییانی ئەمریکی لە سوریا بکات، لەئێستادا کۆماری چیک نوێنەرایەتیی دەسەڵاتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سوریا دەکات.
جەختیش کراوەتەوە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لە سوریا کە پێویستیان بە هاوکاری بەپەلە هەبوو، پێویستە پەیوەندی بە بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە باڵیۆزخانەی کۆماری چیک بکەن.
چەند رێنماییەکیشى بە هاوڵاتیانى داوە کە ئەمانەن:
– ئێستا سوریا بەجێبهێڵن.
– دوور بکەوەرەوە لە قەرەباڵغی زۆر و کۆبوونەوە و خۆپیشاندان.
– ئاگاداربە لەو شوێنانەی کە گەشتیاران/رۆژئاواییەکان زۆر سەردانیان دەکەن.
– ئامادەبە بۆ ئەوەی لە شوێنی خۆیدا پەناگە بگرێت ئەگەر دۆخەکە تێکچوو.
– پێداچوونەوە بە پلانەکانی ئاسایشی کەسی خۆتدا بکە.
– با شەحنى مۆبایلت هەبێت بۆ حاڵەتى لەناکاو.
– وریابە، لە نزیکەوە چاودێری هەواڵەکان بکە بۆ ئاگاداربوون لە پێشهاتەکان.
باڵیۆزخانەی چیک لە دیمەشق، بەشی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا
لە سوریا: 0969-333644
لە دەرەوەی سوریا: 963-969-333644
ئیمەیڵ: [email protected]